قەتەر ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕوی گەشتەكاندا داخست
  2025-06-23       264       

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر راگەیاند، بەهۆی پێشهاتەكانی ناوچەكە، ئاسمانی وڵاتەكەیان بەڕوی گەشتە ئاسمانییەكاندا بەشێوەیەكی كاتی دادەخەن.

ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی، لایەنە تایبەتمەكانی قەتەر بڕیاریانداوە بە داخستنی ئاسمانی وڵاتەكە بەڕوی گەشتە ئاسمانییەكاندا بەشێوەیەكی كاتی.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، بڕیارەكە لەپێناو سەلامەتی هاوڵاتیانی قەتەرو ئەوانەدایە كە لە قەتەر دەمێننەوە یان سەردانیان كردوە، ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو رێكارانەدایە كە بە پشتبەستن بە پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكە گیراونەتەبەر.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوەشداوە، لایەنە رەسمییەكانی وڵاتەكە بەردەوام و لەنزیكەوە چاودێری دۆخەكە دەكەن و لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانیاندا، پێشهاتە نوێیەكان هەڵدەسەنگێنن و رایگشتی لەبارەی گۆڕانكارییە نوێكارەكان لەكاتی خۆیدا ئاگادار دەكەنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جەختی كردۆتەوە كە ئەولەویەتی ئەوان پاراستنی ئاسایش و ژیانی هەمو ئەوانەیە كە لەسەر خاكی وڵاتەكەن.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە هێزەكانی ئەمریكا لەناوچەكە دەكات لەبەرامبەر هێرشەكەی رۆژی شەممەی ئەو وڵاتە بۆ سەر دامەرزاوە ئەتۆمییەكانی.

ئەمڕۆ ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری دو بەرپرسی ئەمریكییەوە بڵاویكردەوە، رەنگە ئێران لە یەك دو رۆژی داهاتودا، هێرشی تۆڵەسەندنەوە بكاتە سەر هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە.

سوپای ئەمریكا نزیكەی 40 هەزار سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن كە بەشێكیان كارپێكەری بەرگریی ئاسمانی و فڕۆكەو كەشتی جەنگی وڵاتەكە لە ناوچەكە.

پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە كە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا هەندێك لە فڕۆكەو كەشتییە جەنگییەكانی لە بنكەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گواستونەتەوە كە دەكرێت بكرێنە ئامانج و لەنێو ئەوانەشدا ژمارەیەك فڕۆكەی لە بنكەی ئاسمانی "عودەید" لە قەتەر گواستونەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×