وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئیدانەی هێرشەكەی ئێران بۆ سەر بنكەی ئاسمانی عودەید دەكات و ئاماژە بەوەدەكات كە مافی وەڵامدانەوەی هێرشەكەیان هەیە. وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەش دەڵێت، هێرشەكە هیچ كوژراو و بریندارێكی لێ نەكەوتۆتەوە.
ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەندراوێكدا ئیدانەی هێرشەكەی ئێران بۆ سەر بنكەی ئاسمانی عودەید دەكات.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دەشڵێت، بەر لە هێرشەكە بنكەی ئاسمانی عودەید چۆڵكرابو ئەوەش لەچوارچێوەی رێكارە ئەمنی و خۆپارێزییەكاندا.
ئاماژە بەوەشدەدات كە وڵاتەكەی مافی وەڵامدانەوەی راستەوخۆی بۆ هێرشەكە بەپێی قەبارەی دەستدرێژییەكە هەیە.
هاوكات وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانی قەتەر هێرشەكەی بۆ سەر بنكەی عودەید پوچەڵكردۆتەوە.
وتوشیەتی، بەهۆی رێكارەكانی خۆپارێزییەوە، هێرشەكە هیچ كوژراو و بریندارێكی لێ نەكەوتۆتەوە.
پێشتر سوپای پاسداران رایگەیاند، هێرشێكی موشەكییان كردۆتە سەر بنكەی ئاسمانی عودەید لە قەتەر كە گەورەترین بنكەی سەربازیی ئەمریكایە لە ناوچەكە.