وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەکی پەیوەندیدار بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی هێرشەکانی سەر ژمارەیەک بنکەی سەربازی پێکهێنراوە، ئەنجامدەرانی بێسزا دەربازنابن.
ئاوێنە: سەباح نعمان وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کاتژمێر 2:15- 3:45 ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچووک ژمارەیەک بنکەی سەربازییان لە عێراق کردە ئامانج کە بەهۆیانەوە زیانێکی زۆر بەر سیستمی راداری سەربازگەی بێجی و بنکەی سەربازیی ئیمام عەلی لە پارێزگای زیقار کەوت، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیان بەدواوە بێت.
باسیلەوەشکرد، لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە توانراوە چوار هێرشی دیکەی جیاواز بەرپەرچبدرێنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای هێرشەکان سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و ئاشکراکردنی لایەنی هێرشبەر.
جەختیشیکردەوە، ئەم تاوانە بەبێ سزا تێناپەڕێت، هێزەکانمان وەک قەڵغانێک بۆ بەرگریی لە گەل و خاک و سەروەری عێراق دەمێننەوە.