ئەندریا، یەکێکە لەو کچانەی کە ئیفلیجی مێشک نەیتوانیوە رێگە لەبەدیهێنانی خەونەکانی بگرێت
ئا: شیلان – هێڤی
نەخۆشی ئیفلیجی مێشک، نهخۆشییهكی بڵاوی درێژخایهنه لهسهرتاسهری جیهان، سەرۆکی کۆمەڵەی توانا بەخش دەڵێت "نزیکەی ٣٠٠٠ تووشبووی ئیفلیجی مێشک لەسلێمانی هەن".
ساکار عەزیز، ژنیکی تەمەن ٤٦ ساڵەو یەکێک لەمنداڵەکانی تووشبووی ئیفلیجی مێشکە، باس لەوە دەکات کە ژیانی نەماوە لەبەرئەوەی شەوو رۆژ دەبێت چاوی لەسەری بێت، ئەو بەئاوێنەی وت "کوڕەکەم تەمەنی ١٩ ساڵەو لەزگماکییەوە تووشی ئیفلیجی مێشک بووە، هەرچەندە دەستی نەگرم ناتوانێت بڕوات، بەڵام شەو تا بەیانی ناخەوێ ئەبێ بەدیارییەوە دانیشم، ناتوانین بۆ ساتێک بێ چاودێری بەجێیبهێڵین".
وتیشی "جگە لەوەی کە کوڕەکەم ژیانێکی سەختو پڕ لەئازاری هەیە، ژیان لەءیمەش تاڵ بووە، چیمان دەستدەکەوێت دەبێت لەچارەسەرکردنیدا خەرجی بکەین، دایبیو بەروانکەی دەوێت، چی بوێت دەبێت بۆی بکەین".
خەمی ئەم خێزانە بەرامبەر بەتووشبوونی ئەندامێکیان بەنەخۆشی ئیفلیجی مێشک، خەمی ئەو خێزانەیە کە کەسێکیان دووچاری ئەم نەخۆشییە بووەو کۆنترۆڵکردنیانو چارەسەر کردنیان ئەرکێکی گەورەی بۆ خێزانەکانیان دروستکردووە.
د.سامان عەبدوڵا، پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان ئاماژە بەوە دەکات ئیفلیجی مێشك نەخۆشییەکی درێژخایەنەو بریتیە لەوەستاندنی گەشەی مێشكی منداڵ کە توانای جوڵەو کۆنترۆڵکردنی ماسولکەکانی نامێنێو هاوسەنگی جەستەی لەدەستدەدات، بەهۆی تێکچوونی سیستەمی ماسولکەییو ئێسکەپەیکەر، ماسولکەکانو ڕیشاڵەکان، ، ئەو بەئاوێنەی وت "جەندین هۆکاری جیاواز هەن کە دەبنە هۆی سەرهەلدانی ئەم نەخۆشییە، بەشێکیان دەگەڕێنەوە بۆ قۆناغی پێش لەدایكبوونو كاتی لەدایكبوون، بەشێکیشیان دەگەڕێتەوە بۆ دوای لەدایكبوون، یەكێك لەو هۆكارانە زگماكیە ئەگەر هۆكارەكە كرۆمۆسۆم بێت، بەهۆی خزمایەتی لەنێوان دایكو باوكدا، هۆکارێکی دیکە ئەوەیە دایكی منداڵەكە لەكاتی دووگیانیدا دوچاری هەوكردن بووبێتو بەهۆیەوە منداڵەكەشی تووشی ئیفلیجی مێشك بووبێت، یاخود زەبر بەرمێشکی کۆرپەلەبکەوێ لەسکی دایکیدایە یان لەکاتی لەدایکبووندا".
وتیشی "ئەگەری هەیە لەدوای لەدایكبوونەوە منداڵەكە دووچاری هەوكردنی پەردەی مێشك بێت لەوكاتەدا زیانێكی زۆر بەمێشكی دەگەیەنێتو تووشی وەستاندنی گەشەی مێشك دەبێت، یاخود هەندێک نەخۆشی وەک هەوکردنی جگەرو زەردووییو تای زۆرو گەشەی منداڵ منداڵەكە دووچاری ئیفلیج بوونی مێشك دەكات".
ئەم پزیشکە باس لەگرنگی خۆکوتانی دایکان دەکات لەکاتی دووگیانیداو بایەخدان بەمنداڵ لەکاتی لەدایکبووندا بۆ ئەوەی پزیشک بیبینێتو ئەگەر تووشی نەخۆشی بووبێت چارەسەر بکرێت، هەروەها پابەندبوون بەکوتانی مندال لەوادەی خۆیداو پاراستنی منداڵ لەکەوتنو بەربوونەوە، ئەو وتی "جۆرێكی دیكە لەچارەسەری تووشبوانی ئیفلیجی مێشک بریتیە لەچارەسەركردن بەڕێگای سروشتی بۆ ئەو منداڵانەی گیانیان زۆر ڕەق دەبێت، لەوكاتەدا بۆئەوەی منداڵەكە لەم ڕەق بوونە بیپارێزرێت پێویستی بە چارەسەری سروشتی هەیەو پێویستی بەچارەسەری پزیشكیو دەرمانیش هەیە".
وتیشی "بۆ چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە کوردستان پێویستی بەنەخۆشخانەی تایبەتی پێشکەوتووترو باشترو تیمی پزیشکی شارەزاترو راهێنانی باشترە".
سەڕەرای ئەوەش، بەشێک لەوانەی تووشی نەخۆشی ئیفلیجی مێشک بوون توانیویانە بەتواناو ئیرادەو خۆڕاگری خۆیان ئەم نەخۆشییە ببەزێنن.
ئەندریا پێشڕەو، یەکێکە لەو کچە دیارانەی کە ئیفلیجی مێشک نەیتوانیوە رێگە لەبەدیهێنانی خەونەکانی بگرێتو خوێندنی زانکۆی خوێندووەو کتێبێکی بەناوی "چیرۆکەکانی ئەندریا" نووسیوەو چاپی کردوە، ئەم کچە کە لەزگماکییەوە تووشی نەخۆشی ئیفلیجی مێشکی بووەو بەشێکی جەستەی لەکارکەوتوووەو خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام کۆڵی نەداوەو رووبەڕووی ئەم نەخۆشییە بوەتەوە، ئەو وتی "سوپاسی تایبەتیم بۆ خێزانەکەمو مامۆساکانی زانکۆم کە گەورەترین پاڵپشتو هاوکارو یارمەتیدەرم بوون بۆ ئەوەی بتوانم خویندن تەواو بکەمو ببم بەنوسەر".
وتیشی "داوا لەهەموو خاوەن پێداویستییەکی تایبەت دەکەم، لەهەر بوارێکدا بەهرەو توانایان هەیە بوونی خۆیان بسەلمێننو هەوڵی بەدیهێنانی خەونەکانیان بدەن".
بەبەستی چارەسەر کردنی ئەم خاوەن پێداویستی تایبەتانە لەشارەکانی کوردستاندا چەندین رێکخراوو سەنتەر لەچالاکیدان بۆ ئەوەی لەخەمو ئازاری ئەو خێزانانە کەم بکەنەوە کە ئەندامێكیان تووشی ئیفلیجی مێشک بووە.
سەرۆکی کۆمەڵەی توانا بەخش، سەردار خەلیل ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمەڵەکەیان لەساڵی ٢٠٠٩دا دامەزراندووە بەمەبەستی چارەسەری سروشتیو راهێنان بەوانەی تووشی نەخۆشی ئیفلیچی مێشک بوون، ئەو وتی "تا ئێستا نزیکەی ٣٠٠٠ توشبووی ئیفلیجی لەکۆمەڵەکەماندا لەپارێزگای سلێمانی ناویان تۆمار کراوە، ئێمە بیرمان کردەوە بۆ ئەو توشبووانە بەشێک بۆ چارەسەری سروشتی بکەینەوە، ئەوە بوو خێرخوازان خانوویەکی گەورەیان بۆ گرتین، دوو سەنتەری چارەسەری سروشتیمان دانا، ئەوکات بەپێی نوسراو پەیوەندیمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی دروستکرد، ٦ کارمەندی چارەسەری سروشتییان بۆ ناردین، پزیشکی ددانو مێشکو دەماریش سەردانیان دەکردین".
وتیشی "بەپێی ئەو خشتەیەی دامانناوە کام منداڵەی زیاتر پێویستی بەچارەسەر بوایە، چارەسەری سروشتییان بۆ دەکرا، هەر منداڵێک بۆ ماوەی ٧ مانگ ڕۆژانە لەگەڵ دایکی دەهات، هەم دایکەکەمان فێر دەکرد لەماڵەوە چۆن ڕەفتار بکات لەگەڵ منداڵەکەی، هەم ڕۆژانە چارەسەریان وەردەگرت".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات