کەناڵی I24ی عیبری ئاشکرایکردوە ئێران درک بەوە دەکات کە ململانێکان لەگەڵ ئیسرائیل کۆتایی نەهاتووە و خۆی بۆ خولەکانی داهاتووی جەنگ ئامادە دەکات.
ئاوێنە: کەناڵەکە لەڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، "دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران پەلە دەکەن بۆ چارەسەرکردنی بۆشاییە ئەمنییەکان بەتایبەت لە سیستەمی ئەلیکترۆنیدا کە نەیتوانی هێرشەکەی سەر یەکێک لە بانکە گەورەکان بەرپەرچ بداتەوە".
هەروەک دەڵێت، "داواکاریی فەرمیی هەیە بۆ بەهێزکردنی هێزی ئاسمانیی، بەتایبەتیی بە بەدەستهێنانی فڕۆکەی شەبەحی پێشکەوتوو، هەروەک نوێکردنەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی دوای ئەوەی هەندێکیان زیانیان بەرکەوت".
بەوتەی کەناڵەکە، ئاستی لاوازی سوپای قودسیش دەرکەوتووە و حزبوڵڵاش وەک چاوەڕوان دەکرا وەڵامی نەداوەتەوە و توانای بەرپەرچدانەوە و سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ئێرانیش لاواز بووە.
لەبەشێکی تردا ئاماژە بەوەکراوە کە ئێران پێی وایە بە تەنیا ئەو شەڕەی کردووە، لە کاتێکدا ئەمریکا و ئیسرائیل لە جەنگەکەدا هاوپەیمان بوون. دەوڵەتانی عەرەبیش بێ ئومێدیان کردووە و جگە لە ئیدانەکردنی هێرشەکە هیچ هەنگاوێکی تریان نەناوە.
دەشڵێت، "لەکاتێکدا تاران نەیتوانیوە گورز لەهێماکانی ئیسرائیل بوەشێنێت یان زیانی ستراتیژی بەو وڵاتە بگەیەنێت، تاران ئاماژەی بەخۆڕاگری ڕژێمی ناوخۆو کاریگەریی بەشێک لەمووشەکەکان کردوە لەبڕینی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل.
ئێران درک بەوە دەکات کە ململانێکان لەگەڵ ئیسرائیل کۆتایی نەهاتووە و خۆی بۆ خولەکانی داهاتووی جەنگ ئامادە دەکات، بڕواشی وایە ئیسرائیل بەرگەی جەنگێکی درێژخایەن لەگەڵ ئەو وڵاتە ناگرێت.