ئەمشەو شاندی باڵای پارتی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کۆبووە و تیایدا نوسینگەی سودانی رایگەیاندووە، لەکۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگی خێراکردنی جێبەجێکردنی شایستە دەستوورییەکان کراوەتەوە.
ئاوێنە: نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەراگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ سێشەممە، پێشوازیكرد لە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی سکرتێری حیزبی پارتی.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لەمیانی دیدارەکەدا باسیان لەدوایین پێشهاتەکانی وڵات و گرنگی یەکخستنی هەڵوێستەکانی نێوان هێزە نیشتمانییەکان کرد، هەروەها کارکردن بە دیدێکی یەکگرتوو بۆ ئەوەی بەشدار بێت لە پاڵپشتیکردنی بەردەوامی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە، بەشێوەیەک لەگەڵ خواستەکانی گەلی عێراقدا بگونجێت.
هەروەها هەر لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگی خێراکردنی جێبەجێکردنی شایستە دەستوورییەکان کرایەوە بەپێی کاتی دیاریکراو، بەمەبەستی بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی چاکسازی و گەشەپێدان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی هەواڵێکی کەی24، بڕیارە شاندی دانوستانکاری باڵای پارتی ئەمشەو لەگەڵ لەگەڵ سابت عەباسی، هاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی و خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادەش کۆببێتەوە.
وتوشیەتی "شاندەکەی پارتی پشکی کورد لە حکومەتی داهاتووی عێراق لەگەڵ لایەنەکان تاوتوێ دەکات. هەروەها کۆبوونەوەکانی شاندی دانوستانکاری پارتی لەگەڵ سەرکردەکانی بەغدا تاوەکو دوو ڕۆژی دیکە بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن دەستکەوتەکانی کورد لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی عێراق بپارێزن، کە بڕیارە ٢٩ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.
هەر بەگوێرەی ئەو میدیایە، شاندی پارتی دووپاتی کردووەتەوە، داڕشتنی حکومەتی داهاتوو دەبێت لەسەر میکانزمێک بێت کە تەواو مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت و بەڵێن و ڕێککەوتنەکان وەک خۆی جێبەجێبکرێن، بەتایبەت ناردنی شایستە دارییەکان و ڕێککەوتنەکانی پەیوەست بە داهاتە نەوتی و نانەوتی.