وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هەنگاو دەنێت بۆ فراوانکردنی نەخشەی ئەو بەرهەمانەی کە لە پلانی زستانەی داهاتوودا جێگەیان دەبێتەوە. ئەمەش بە سوودوەرگرتن لەو باشبوونەی لە یەدەگی ئاودا هاتووەتە ئاراوە بەراورد بە وەرزەکانی پێشوو، کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی و هێنانەکایەی بەرهەمی ستراتیژیی نوێیە هاوشانی گەنم.
ئاوێنە: لەم بارەیەوە، قوسەی حەتاب، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە ڕۆژنامەی فەرمیی ڕاگەیاندووە؛ ڕۆژژمێری کشتوکاڵی قەدەغەکردنی هەمیشەیی بۆ هاوردەکردنی ٣٣ ماددە لەخۆدەگرێت، لە کاتێکدا ١٥ ماددەی دیکە کە بریتین لەو سەوزەواتانەی هاووڵاتیان بەشێوەیەکی ڕۆژانە مامەڵەیان پێوە دەکەن وەک (تەماتە، خەیار، باینجان، کولەکە، پیاز و هتد)، قەدەغەکردنیان جێگیر نییە و گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.
وتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنە تایبەتمەندەکانی ناو وەزارەت بەشێوەیەکی ڕۆژانە و خولیی چاودێریی ڕەوشی بازاڕەکان و عەلوەکانی سەوزە و میوە دەکەن، لەوانەش عەلوەکانی (جەمیلە، زوێنی و ڕەشید). ئەو ڕاپۆرتانەش کە لەلایەن ئەم لیژنانەوە بەرز دەکرێنەوە، هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی بەردەستبوونی بەرهەمەکان دەکەن، بەتایبەتی لە قۆناغی گواستنەوەی وەرزەکان لە هاوینەوە بۆ زستان، کە لەوانەیە تێیدا کەمیی لە هەندێک بەرهەمدا دروست ببێت.
ڕوونیشیکردەوە کە وەزارەت لەو کاتانەی کەمیی بەرهەم دروست دەبێت، دوای لێکۆڵینەوە لە ڕاپۆرتی لیژنەکان، میکانیزمێک دادەنێت بۆ بڕیاردان لەسەر ڕێگەدان بە هاوردەکردن یان قەدەغەکردنی، ئەمەش بەپێی ڕێنمایی و یاسا بەرکارەکان جێبەجێ دەکرێت.
سەبارەت بە وەرزی کشتوکاڵیی داهاتووش، حەتاب جەختی لەوە کردەوە کە وەزارەت لە ئێستادا سەرنجی خستووەتە سەر ئامادەکردن و جێبەجێکردنی پلانی زستانە. پێشبینیش دەکرێت ئەم پلانە جیاواز بێت لە وەرزەکانی پێشوو، بەهۆی باشبوونی ئاستی ئاو و زیادبوونی یەدەگەکەی بەراورد بەو وەرزانەی کە ڕووبەڕووی وشکەساڵی ببوونەوە.
وتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکراشی کرد کە وەزارەتەکەیان ستراتیژییەتێکی گەشەپێدانی لەم بوارەدا داڕشتووە و ئاراستەی ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە بۆ مەبەستی پەسەندکردنی. ستراتیژییەتەکەش ناساندن و چاندنی بەرهەمی نوێ لەپاڵ گەنمدا لەخۆدەگرێت، وەک جۆ و بەرهەمە ستراتیژییەکانی تر، سەرباری خستنەناوەوەی زەوییە دێمییەکان بۆ ناو پلانەکە.
هەروەها باسی لەوەش کرد کە ڕێکخستنی پرۆسەی هاوردەکردن لە وەرزی زستان و قۆناغە گواستراوەکاندا، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە زۆری یان کەمیی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانەوە. ئەگەر بەرهەمێکی دیاریکراو لە ناوخۆدا نەبوو، ئەوا دەرگای هاوردەکردن دەکرێتەوە بە مەرجی پابەندبوون بە ڕێنماییەکان.
لە کۆتاییشدا، حەتاب تیشکی خستە سەر بوونی کەرەنتینەی کشتوکاڵی لە تەواوی دەروازە سنوورییەکان، کە ئەرکیان چاودێریکردنی وردی بەرهەمە هاوردەکراوەکانە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە پەیڕەوی ڕێکار و پێوەرە پەسەندکراوەکان دەکەن.