ئەمڕۆ مەزڵووم عەبدی، راوێژکاری سەرۆکایەتی کۆماری سووریا، لە شاری کۆبانی لەگەڵ کەسوکاری قوربانییانی زیندانی کۆبانی کۆبووەوە، بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی کاریگەری و دەرئەنجامەکانی ئەو ڕووداوەی کە بەرەبەیانی شەممەی ڕابردوو ڕوویدا.
ئاوێنە::عەبدی گوێی لە داواکارییەکانی بنەماڵەی قوربانییەکان گرت و پشتگیری و هاودەردیی خۆی لەگەڵیان دەربڕی.
مەزڵووم عەبدی ڕایگەیاند کە لیژنەیەکی تایبەتی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە بۆ خستنەڕووی وردەکارییەکانی ڕووداوەکە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان، بۆ ئەوەی دواتر ئەو کەسانەی بەرپرسیارن بۆ دادگا بنێردرێن و بەگوێرەی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت. هەروەها جەختی کردەوە کە لە دڵنیابوون لە مافەکانی کەسوکاری شەهیدان و گەیشتن بە ڕاستییەکەدا هیچ سستییەک ناکرێت.
بەرەبەیانی شەممە، شاری کۆبانی دوای خۆپیشاندانێکی بەرفراوان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە کوژرانی شەڕڤانێکی کورد بەناوی سیبان حەزنی، شەڕ و ئاڵۆزیی ڕووی دا و دوای خۆپیشاندانەکە ژمارەیەک لە گەنجان دەستگیر کران.
دواتر، بەهۆی هەواڵی گواستنەوەی ژمارەیەک لە زیندانییەکان بۆ حەڵەب، ئاڵۆزییەکان لە ناو زیندانی شارەکەدا زیاتر بوون، کە ئەمە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٩ زیندانی و برینداربوونی ١٧ کەسی دیکە.