کێشەی (لاناز) و (کار)؛ بۆچی زۆرینەی نەوتی خاو دەدرێتە پاڵاوگەیەک کە تێچووی زۆرە و نەوتی سپی بەرهەم ناهێنێت؟
  2026-09-17       41       

لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکان بۆ کەرتی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک داتا و زانیاری نوێ لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم کەرتە و دابەشکردنی نەوتی خاو بەسەر پاڵاوگەکاندا دەخرێنە ڕوو، کە تیشک دەخەنە سەر هۆکارەکانی بەردەوامیی قەیرانی سووتەمەنی. بەپێی ئەو شرۆڤە و داتایانەی لەلایەن کاوە عەلی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستانەوە خراونەتە ڕوو، تێبینی ئەوە دەکرێت کە ڕۆڵی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ئاراستەکردنی کەرتەکەدا جێگەی ڕەخنەیە و بڕیارەکان زیاتر لە بەرژەوەندیی پاڵاوگە تایبەتەکاندا دەردەکەون.

بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژانە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو بەسەر دوو پاڵاوگەی سەرەکیدا دابەش دەکرێت؛ بە جۆرێک ٤٠ هەزار بەرمیل دەدرێتە پاڵاوگەی "لاناز" و ١٠ هەزار بەرمیلیش دەدرێتە پاڵاوگەی "کار". ئەم دابەشکارییە لە کاتێکدایە کە لە ڕووی ئابووری و لۆجیستییەوە جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ئەم دوو پاڵاوگەیەدا هەیە.

پاڵاوگەی کار تەنها ٤٠ کیلۆمەتر لە کێڵگەی خورمەڵەوە دوورە و لە ڕێگەی بۆرییەکی تیرە ٦٠ سانتیمەترییەوە بەستراوەتەوە، ئەمەش وایکردووە تێچووی گواستنەوەی نەوتەکەی نزیک بێت لە سفر. لە بەرامبەردا، پاڵاوگەی لاناز بە بۆری پەیوەست نەکراوە و تێچووی گواستنەوەی نەوت بۆی زۆر زیاترە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش پشکی شێری نەوتەکە (٤٠ هەزار بەرمیل) وەردەگرێت. کێشەیەکی دیکەی ئەم بابەتە ئەوەیە کە بەپێی لێدوانی وەزیری سامانە سروشتییەکان، پاڵاوگەی لاناز توانای بەرهەمهێنانی نەوتی سپیی نییە، کە یەکێکە لە پێداویستییە هەرە سەرەکییەکانی هاووڵاتیان و لە ئێستادا و لە وەرزی هاویندا نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی دەگاتە ٣٠٠ هەزار دینار.

لە ڕووی تەکنیکی و ئامارەکانی بەرهەمهێنانەوە، بەراوردکارییەکان دەریدەخەن کە داتاکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ واقیعی زانستی و لێدوانی پێشووی بەرپرسانی پاڵاوگەکاندا یەکناگرنەوە.

سەبارەت بە بەرهەمهێنانی بەنزین، بەڕێوەبەری پاڵاوگەی کار لە ساڵی ٢٠٢٣ ڕایگەیاندبوو کە لە پاڵاوتنی ١٠٣ هەزار بەرمیل نەوتی خورمەڵە، ٤.٥ ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنرێت (واتە بۆ هەر ٢٣ هەزار بەرمیلێک سەروو یەک ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دێت). ئەمەش نزیکە لەو ئامارەی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەکان کە ڕایگەیاندبوو لە ٢٥ هەزار بەرمیل نەوتی خورمەڵە، سەروو یەک ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دێت. بەڵام لە ئێستادا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژە بەوە دەکات کە لە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت تەنها ١.٧ ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دێت، کە ئەمەش جیاوازییەکی زۆرە.

​لەلایەکی دیکەوە و سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوتی سپی، بەپێی دوو توێژینەوەی زانستیی بەردەست، پێکهاتەی نەوتی خورمەڵە لەنێوان ١٥٪ بۆ ١٧٪ نەوتی سپیی تێدایە و پاڵاوگەی کاریش توانای جیاکردنەوەی ئەو ماددەیەی هەیە. بەڵام وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاندووە کە تەنها ٣٪ی نەوتی سپی لێ بەرهەم دێت. دروستبوونی ئەم جیاوازییە گەورەیە، پرسیاری جدی لەسەر چارەنووسی ئەو بڕە نەوتە ونبووە دروست کردووە.

بەپێی شیکارییەکان، پێدانی زۆرینەی نەوتەکە بە پاڵاوگەیەک کە تێچووی گواستنەوەی بەرزترە و بەرهەمی هەمەجۆری (وەک نەوتی سپی) کەمترە، لە کاتێکدا هەمان کۆمپانیا لە کێڵگەی خورمەڵە و پاڵاوگەی کار کاردەکات و تێچووی گواستنەوەی کەمترە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی بڕیارەکان لەسەر بنەمای قازانجی گشتی، زانستی، ئیداری و ئابووری نادرێن.

​لێکۆڵەران و چاودێرانی ئەم کەرتە پێیان وایە کە نەبوونی چاودێرییەکی تەکنیکی سەربەخۆ و ناڕوونی لە توانای ڕاستەقینەی پاڵاوگەکاندا، هۆکاری سەرەکیی درێژەکێشانی قەیرانی سووتەمەنی و گرانبوونی نرخی بەنزین و نەوتە. جەختیش لەوە دەکرێتەوە تا ئەو کاتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەزارەت کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر کەرتی نەوت و پاڵاوگەکاندا نەگرنەوە دەست، باج و قورساییە ئابوورییەکەی تەنها دەکەوێتە سەر شانی خێزانەکان و گیرفانی هاووڵاتیان.

زۆرترین بینراو
ئۆجه‌لان: كوشتنی سیپان حوزنی دڕاندانه‌ بو، ده‌بێت ئێران له‌سێداره‌دان رابگرێت
باخچەلی دەنگۆی دروستکردنی ڤێلا بۆ ئۆجەلان ڕەتدەکاتەوە
بافڵ تاڵه‌بانی بۆ پزیشكیان: هه‌مو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌
حکومەتی هەرێم داوای ١٤٪ی پشکی بودجە دەکات و وردەکارییەکانی لێکتێگەیشتنی پارتی و یەکێتی ئاشکرا دەکات
بە دەیان موشەک و درۆن؛ حوسییەکانی یەمەن هێرشکردنە سەر کۆمپانیای ئارامکۆ و بنکەیەکی ئاسمانییان لە سعودیە ڕاگەیاند
پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان پێیناوەتە قۆناغی کۆتاییەوە
هاكان فیدان: كردنه‌ ئامانجی سعودیه‌ له‌ یه‌مه‌ن و عێراقه‌وه‌ قبوڵكراو نییه‌
مەزڵووم عەبدی: لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ڕووداوەکەی کۆبانی دەکرێت
​وەزارەتی کشتوکاڵ هاوردەکردنی ٣٣ جۆر بەرهەم بە یەکجاری قەدەغە دەکات
چین هۆشداری لە فراوانبوونی ململانێکان دەدات و داوای دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×