وەزیری دارایی: بەغدا زوڵممان لێدەکات و مافەکانمان نادات؛ کاتی یەکدەنگیی پارتی و یەکێتییە
  2026-09-17       36       

لەمیانی بەڕێوەچوونی "لوتکەی ئابوریی سلێمانی بۆ گەشەپێدان و وەبەرهێنان"، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەخنەی توندی لە سیاسەتە داراییەکانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق گرت و ڕایگەیاند، ئەو مامەڵەیەی لە پرسی بودجەدا بەرامبەر بە هەرێم دەکرێت، درێژکراوەی هەمان ئەو سیاسەتانەیە کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا پەیڕەو دەکرا. لەپاڵ ئەوەشدا، داوای لە هێزە سیاسییەکانی هەرێم کرد هەڵوێستەکانیان لە بەغدا یەکبخەن.

ئاوێنە: ​وەزیری دارایی وردەکارییەکانی پەیوەست بە پشکی هەرێمی لە بودجەی گشتیدا خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی پێوەرە ڕاستەقینەکان دەبێت پشکی هەرێم 14.14٪ بێت، بەڵام حکومەتی ناوەندی پێچەوانەی بنەماکانی سەرژمێری و ڕێژەی دانیشتووان، ئەو پشکەی بە 12.68٪ جێگیرکردووە. هۆکاری ئەم کەمکردنەوەیەشی گەڕاندەوە بۆ هەژمارنەکردنی زیاتر لە 500 هەزار کەس لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، کە بە بیانووی ئاوارەبوون لە پشکەکە بێبەش کراون، ئەمەش بە کێشەیەکی بنەڕەتیی نێوان هەولێر و بەغدا ناوزەد کرد.

​لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاوات جەناب نوری تیشکی خستە سەر شێوازی بڕینی ئەو پشکەی هەرێم و باسی لەوە کرد کە ڕێژەی 35٪ بۆ 40٪ی بودجەی هەرێم لەژێر ناوی "خەرجییە سیادییەکان"دا دەبڕدرێت. ئەوەشی ڕوونکردەوە کە هەرێمی کوردستان هیچ سوودێک لەو خەرجییە سیادییانە نابینێت و هاوکات لە خەرجییە حاکیمەکانیش، کە تایبەتمەندن بە پێداویستییە سەرەکییەکان، بەتەواوی بێبەش کراوە.

​سەبارەت بە پرسی قەرزە دەرەکییەکان، وەزیری دارایی ئەو ڕێکارانەی بە نادادی وەسفکرد و ڕایگەیاند، لە کاتی وەرگرتنی قەرزی دەرەکی لەلایەن عێراقەوە هەرێم لێی سوودمەند نابێت، بەڵام لە کاتی دانەوەی قەرزەکاندا دەبێت بەشداربێت و بڕەکەی لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت.

​لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانیشەوە، جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێم بە فەرمی داوای کردووە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بخرێتە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکان، بۆ ئەوەی هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق مانگانە بەبێ گرفت و دەستکاری بنێردرێت، هەروەها جیاوازییەکانی نێوان مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ عێراق کۆتایی پێبهێنرێت.

​لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، وەزیری دارایی دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندبوونەکانی بەرامبەر عێراق جێبەجێکردووە، بەڵام لە بەرامبەردا مافە یاسایی و داراییەکانی نابینێتەوە. لەم ڕوانگەیەشەوە، پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، کە واز لە ململانێکان بهێنن و پێکەوە بە یەکدەنگی لە بەغدا داکۆکی لە ماف و شایستەکانی گەلی کوردستان بکەن.

زۆرترین بینراو
ئۆجه‌لان: كوشتنی سیپان حوزنی دڕاندانه‌ بو، ده‌بێت ئێران له‌سێداره‌دان رابگرێت
باخچەلی دەنگۆی دروستکردنی ڤێلا بۆ ئۆجەلان ڕەتدەکاتەوە
بافڵ تاڵه‌بانی بۆ پزیشكیان: هه‌مو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌
حکومەتی هەرێم داوای ١٤٪ی پشکی بودجە دەکات و وردەکارییەکانی لێکتێگەیشتنی پارتی و یەکێتی ئاشکرا دەکات
بە دەیان موشەک و درۆن؛ حوسییەکانی یەمەن هێرشکردنە سەر کۆمپانیای ئارامکۆ و بنکەیەکی ئاسمانییان لە سعودیە ڕاگەیاند
پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان پێیناوەتە قۆناغی کۆتاییەوە
هاكان فیدان: كردنه‌ ئامانجی سعودیه‌ له‌ یه‌مه‌ن و عێراقه‌وه‌ قبوڵكراو نییه‌
مەزڵووم عەبدی: لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ڕووداوەکەی کۆبانی دەکرێت
​وەزارەتی کشتوکاڵ هاوردەکردنی ٣٣ جۆر بەرهەم بە یەکجاری قەدەغە دەکات
چین هۆشداری لە فراوانبوونی ململانێکان دەدات و داوای دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×