ئا: ئاوێنە
بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی "عەرەبیە" کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی. پرۆسەی گواستنەوەی هێز و کەرەستە سەربازییەکان لە هەرێمەوە ڕۆژانە بەردەوامە، لە کاتێکدا بەغدا ئامادەکاری دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سەرانسەری خاکی عێراق تا کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، ئەمەش بەپێی ئەو خشتە کاتییەی کە لە نێوان بەغدا و واشنتۆن ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.
ئاوێنە: سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی پشتڕاستی کردووەتەوە کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕۆژانە بەڕێوەدەچێت و هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش پاراستنی پێویست بۆ کاروانەکانی هاوپەیمانان لە کاتی جووڵە و کشانەوەیاندا دابین دەکەن، چاوەڕوانیش دەکرێت پێش کۆتایی ئەم مانگە پرۆسەکە بە تەواوی یەکلایی بێتەوە.
مانەوەی سیستەمی بەرگری لە هەولێر
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە تەواوبوونی پرۆسەی کشانەوەکە بە مانای نەمانی سەرجەم ڕێکارە ئەمنییەکانی ئەمریکا نایەت لە شاری هەولێر، بەڵکو بڕیارە سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی بە ئامانجی پاراستنی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە شارەکەدا بهێڵرێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزەکانی هاوپەیمانان هەنگاوی ڕژد بۆ کشانەوە دەنێن و ڕۆژانە هێز و کەرەستە سەربازییەکان بۆ دەرەوەی خاکی عێراق دەگوازنەوە.
لەپێشینەکانی عێراق بۆ بەرگریی ئاسمانی
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، پرسی بەرگریی ئاسمانی وەک یەکێک لە بابەتە لەپێشینە و گرنگەکانی عێراق دەردەکەوێت. لە ئێستادا بەغدا کار بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاڵەنگارییە ئەمنییانە دەکات کە قۆناغە نوێیەکە دەیانهێنێتە ئاراوە.
پێش گەیشتن بە وادەی کۆتایی کشانەوەکە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی کردووە بە کێشانەوەی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە عێراق. لە بەرامبەریشدا بەغدا هەوڵدەدات جێگرەوەی گونجاو دابین بکات و سیستەمی بەرگرییەکەی بەهێزتر بکات، تاوەکو پاش کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان بتوانێت ئاسمانی وڵات و دامەزراوە هەستیارەکانی لە مەترسییەکانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بپارێزێت.
قۆناغی دوای کشانەوە و ئاڵەنگارییە نوێیەکان
وەک لە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی "ئەسۆشیەیتد پرێس"دا هاتووە، کشانەوە لە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە قۆناغی کۆتایی پلانێکی فراوانتر بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق. هێزەکانی ئەمریکا پێشتر لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا بنکەکانیان لەو ناوچانە چۆڵکرد کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدان، بەڵام بوونی سەربازییان لە هەرێمی کوردستان تا وادەی کۆتایی لە مانگی ئەیلوول هێشتەوە.
گۆڕانکارییەکان تەنها لە چوارچێوەی بوونی ئەمریکادا کورت نابنەوە، بەڵکو بەپێی ئەوەی ئاژانسی "رۆیتەرز" ئاماژەی پێکردووە، کشانەوەی هاوپەیمانان هاوکاتە لەگەڵ ئەو وادەیەی کە حکومەتی عێراق دیاریکردووە بۆ چەککردنی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە سەر بە دەوڵەت نین. ئەم هەنگاوەش لە قۆناغی پاش بوونی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیماناندا، بەغدا دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوە و ئاڵەنگارییەکی نوێی ئەمنییەوە.