ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایدهگهیهنێت، قهیران و کێشەکانی موچە، زیادکردنی باج، گرانیی سوتەمەنی و بازاڕ، لەلایەن خودی دەسەڵاتەوە دروستکراون. دهشڵێت، ناتەبایی نێوان هێزە سیاسییەکان، هەرێمی کوردستان بەرەو ئاییندەیەکی نادیار دەبات.
ئاوێنه: ئهمڕۆ یهكشهممه، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بە سەرپەرشتی عەلی باپیر، سهرۆكی حزبهكه کۆبونەوەی ئاسایی خۆی لە شاری سلێمانی ئەنجام دا. کۆبونەوەکە تایبەت بو بە تاوتوێکردنی قەیرانە بەردەوامەکانی هەرێم و بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە.
بهگوێرهی راگهیهندراوی كۆبونهوه، لە کۆبونەوەکەدا هەڵوەستە لەسەر دۆخی ژیان و بژیوی هاوڵاتییان کرا. سەرکردایەتیی کۆمەڵ ڕایگەیاند، کێشەکانی موچە، زیادکردنی باج، گرانیی سوتەمەنی و بازاڕ، لەلایەن خودی دەسەڵاتەوە دروستکراون و حکومەتی هەرێم بەرپرسیاری یەکەمە لە چارەسەرنەکردنیان.
سهركردایهتی كۆمهڵ جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر سەرچاوە سروشتییەکان و خاڵە سنورییەکان و داهاتی نێوخۆ بەدروستی ئیدارە بدرێن، هەرێمی کوردستان لە ڕوی داراییەوە چاوی لە دەستی کەس نابێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، باس لە ئایندەی سیاسیی هەرێم کرا و ئاماژە بەوە درا کە ناتەبایی نێوان هێزە سیاسییەکان، هەرێمی کوردستان بەرەو ئاییندەیەکی نادیار دەبات.
سهركردایهتی کۆمەڵ بەپێویستی دەزانێت لەم قۆناغە هەستیارەدا هەمو هەوڵێک بۆ سەقامگیری و پاراستنی هەرێم لە جەنگ و قەیرانی گەورەتر بدرێت.
سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کۆمەڵ خوازیاری ئەوەیه کە هەرچی زوە ئەم دۆخە ناهەموارە کۆتایی بێت و هەمو لایەک بگەڕێنەوە بۆ دانوستان و ڕێککەوتن، تاوەکو ناوچەکە لە قەیرانی زیاتر بەدور بێت.