مەسعود بارزانی لە کەرکوکە
  2026-08-08       132       

مەسعود بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی لە کەرکوک کۆبووەوە و داوایکردووە لایەنە کوردییەکان هەڵوێستیان رێکبخەن.


ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، مەسعود بارزانی سەرۆکی  پارتیی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکوک - گەرمیانی حزبەکەیی و فراکسیۆنەکەی لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی دۆخی سیاسی و ئیداریی ناوچەکە و پارێزگاکە تاوتوێ کرا.

حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک سەبارەت بە کۆبوونەوەکە وتویەتی "سەرۆک بارزانی پێداگریی لەسەر پاراستنی ئارامی و قووڵکردنەوەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکانی کەرکوک کردووەتەوە".

بەگوێرەی میدیای پارتی، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بارزانی تیشکی خستووەتە سەر قووڵکردنەوەی برایەتی و پێویستیی یەکخستنی هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان بۆ خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی.

هاوکات پابەندبوون بە جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری هەمیشەییی عێراق دووپات کراوەتەوە، کە پەیوەستە بە چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و وەک ڕێگەچارەیەک بۆ گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنەکانیان سەیر دەکرێت.
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×