تاوەکو ئێستا بەغدا مووچەی هەموو وەزارەتەکانی خۆی نەداوە، بەوتەی پەرلەمانتارێکی عێراق لەم ساڵدا یەکمجارە فیدراڵ هێندە مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دواخستووە، هەر بەهۆیەوە دیار نییە لەم هەفتەیەدا مووچەی هەرێم دێت یاخود نا.
ئاوێنە: جەمال کۆچەر، ئەندامی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی دواین زانیاری هاتنی مووچەی مانگی ٧ لە لێدوانێکدا بە ئاوێنەی راگەیاند "پێویستە دوای دابەشکردنی مووچەی عێراق، مووچەی هەرێمی کوردستانیش بێت، چونکە هەرێم یارمەتیدەرە لەهەناردەی غاز لەگەڵ عێراق و زۆربەری غازی هەرێمە".
وتیشی "من نازانم لەم هەفتەیەدا مووچە دێت یاخود نا و دیار نییە، بەڵام هەرکە مووچەی بەغدا درا پێوستە دەستبە تەمویلی مووچەی هەرێم بکرێت، بەغدا هەربە مەقاسە مووچە دەنێرێتەوە چونکە هەرێم پارەی داهاتی ناوخۆی بۆ نانێرێت".
جەمال کۆچەر باس لەوە دەکات کە کێشەی سیولە لە بەغدا هەر بەردەوامە و یەکەمجارە فیدراڵ بەوجۆرەیە مووچەی فەرمانبەرانی دوابخات.