محەمەد حاجی مەحمود بۆ عێراق: ئامۆژگاریت دەکەم سود لە هەڵەکانت وەربگریت
  2026-08-08       95       

محەممەد حاجی مەحمود نوێترین هەڵوێستی خۆی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگ خستە روو.

 

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، رێوڕەسمێکی تایبەت لە گوڵەخانە بەڕێوەچوو و محەممەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتەکە گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند "ئەگەر پەرلەمان لە دوو ساڵی رابردوودا کارا بووایە، دەکرا چەندین یاسای نوێ دەربکرێن، هەروەها ئەو بڕیارانەی لەلایەن بەغداوە دژی هەرێمی کوردستان دەرچوون هەڵبوەشێندرێنەوە".

 بۆ ئەو مەبەستە ناوبراو داوای لە سەرجەم هێزەکان کرد هاوکار بن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و خێراکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.

بەوتەی محەمەد حاجی مەحمود "باشترین بژاردە بۆ زامنکردنی پێکەوەژیان لە وڵاتەکەدا پەنابردنە بۆ سیستەمی کۆنفیدراڵی".

دەشڵێت "ئامۆژگاریم بۆ حکومەتی عێراق ئەوەیە؛ سوود لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرێت، هەروەها بە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان بکات بۆ پاراستنی خۆی لەو ئاڵۆزییانەی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە".

سەبارەت بە دۆخی دارایی و گەندەڵی لە عێراق، ئەو سەرکردەیە رەخنەی توندی گرت و روونی کردەوە، ئەوەی ئێستا لەوێ روو دەدات دزیی ئاسایی نییە، بەڵکوو پرۆسەی تاڵانکردنە، بەتایبەتی کاتێک دەبینرێت دۆلاری دزراو بە بارهەڵگری گەورە لە ماڵەکانەوە دەگوازرێتەوە.

محەممەد حاجی مەحمود ئەوەشی وت "گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی گرێدراوی پرسی کوردن، بەبێ بوونی ئاسایش لە هەرێمی کوردستان، سەقامگیری لە هیچ بەشێکی ناوچەکە بەدی نایەت".

سەرۆکی سۆسیالست ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمریکا لەو شەڕە شكاوە و "هەڵاتووە ووردە ووردە هەڵدێت و ناوچەكە چۆڵ دەكات".

وتیشی "پێویستە گەلی ئەمریکا ترەمپ بدەنە دادگا. هەروەها جاران ئەمریكا داوای یۆرانیۆمی دەكرد، ئێستا داوای هورمزی دەكان، جاران داوای هورمزی دەكرد، ئێستا داوای گفتوگۆ دەكات".

پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە هەشتی ئابی ساڵی 1976 دامەزراوە.
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×