لەبارەی دۆخی ئێستای کوردستان وتەبێژی پارتی چەند زانیارییەک دەخاتە روو و دەڵێت "بە لێدوانی سەرۆک بارزانی ئەو بەستەڵەکەی هەبوو شکا، هەروەها هەوڵەکانمان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی نەوەستاوە و بە ئەنجامێک دەگات".
ئاوێنە: مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە میدیای نزیک لە حزبەکەی وت "کۆبوونەوەمان زۆر کردووە و کۆمەڵێک کاغەزیش واژۆ کراون، هەندێک شت ماون پێویستیان بە کۆبوونەوەی زیاتر هەن هەندێک لایەن هەن چارەسەری ئەوە دەکەن".
وتیشی "هەوڵەکانی پارتی ئەوەیە هەرچی زووترە پەرلەمان کارا بکرێتەوە. جونکە پارتی هەوڵەکانی بۆ ئەوەیە ڕێککەوتن بکرێت نەک هەڵبژاردن بکرێتەوە".
ئاشکراشیکرد "بە پەیامی سەرۆک بارزانی ئەو بەستەڵەکەی هەبوو شکا، ئێستا کاتی ئەوەیە کار بکەین و چۆن پەرلەمان کارا بکرێتەوە".
سەبارەت بە دیاریکردنی وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی، وتەبێژی پارتی دەڵێت "ئێمە هەوڵەکانمان ڕاناوەستێت و ئاستەنگەکان لادەدەین. پێشبینی دەکەین بە ئەنجامێک بگات".
"پێویستمان بە پێداچوونەوە هەیە ناوەندێکی سەرکردایەتی لە بەغدا دروست بکەین، پێویستمان بە گۆڕانکاری لەشێوازی کارکردن هەیە، لەڕووی سیاسی و بڕیارەوە ناوەندێکی سەرکردایەتی ئەم کارە بکات، بۆ پەیوەندی لەگەڵ کۆی ئەو لایەنە سیاسیانە". مەحمود محەمەد وایوت