ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایدەگەینێت یەکگرتووی ئیسلامی “لەسەر خوێنی شەهیدەکانمان دروست بووە” و مام جەلالیش پێشبینی بۆ مەلا کرێکار کردووە ببێتە ئەمیری ئەنسارولئیسلام.
ئاوێنە: عیرفان عەلی، ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا دەربارەی مێژووی حزبەکەی و بزاڤی ئیسلامی لە کوردستاندا ڕایگەیاند، کاتێک مامۆستا عوسمان عەبدولعەزیز، جیهادی لە دژی بەعس ڕاگەیاند، ئیخوانەکان ئەو بۆچوونەیان ڕەت کردەوە و ئاماژەشیدا بەوەی ئەو کەسایەتییە ئیسلامییانەی کە سەر بە ڕەوتی ئیخوانەکان بوون لە بزووتنەوەی ئیسلامی جیابوونەوە.
ڕاشیگەیاند، دوای شەڕی نێوان بزووتنەوەی ئیسلامی و یەکێتی لە ساڵی 1993دا، ئیخوانەکان بە یارمەتی مام جەلال ڕابیتەی ئیسلامیان لە ڕێکخراوێکی خێزخوازییەوە کرد بە حزبێکی سیاسی (یەکگرتووی ئیسلامی) بۆ ئەوەی ببنە جێگرەوەی ئێمە.
وتیشی: یەکگرتوو لەو کاتەدا دروست بوو کە “ئێمە سەدان شەهیدمان دا و لەسەر خوێنی شەهیدەکانمان دروست بوو” و وتیان ئێمە حزبێکی مەدەنین و دژی کوشتارین.
سەبارەت بە جیابوونەوەی کۆمەڵی ئیسلامیش کە دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ کۆمەڵی دادگەری و عەلی باپیر سەرۆکایەتی دەکات، ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی ئاماژە بەوە دەکات کە بە هۆی بەشدارینەکردنیان لە کۆنگرەی لەندەن کە ساڵی 2002 بەر لە ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن بەڕێوەچوو، “دزە کرایە ناو بزووتنەوەی ئیسلامی” و جیابوونەوە دووەم دروست بوو.
دەربارەی دروستبوونی ئەنسارولئیسلامیش کە پێشتر ناوی جوندولئیسلام بوو، عیرفان عەلی ڕایگەیاند، دوای شەڕەکەی گوندی خێڵی حەمە، مەلا کرێکار لە نێوان یەکێتی و جوندولئیسلامدا ناوبژیوانی دەکرد و مام جەلال پێشنیازی بۆ مەلا کرێکار کردووە ناوی حزبەکە بگۆڕدرێت و خۆیشی ببێتە ئەمیریان، چونکە جوندولئسلام ناوی خراوەتە لیستی تیرۆرەوە و ناتوانن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
جەختیشیکردەوە کە مەلا کرێکار لەسەر بنەمای ئەو پێشنیازەی مام جەلال و دوای ڕازیبوونی ئەبوعەبدوڵای شافیعی (ئەمیری جوندولئیسلام)، ئەنسارولئیسلامی دروست کردووە و بووەتە ئەمیریشیان.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا عیرفان عەلی ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک بڕوای بە دیموکراسی نییە و وتی: “لەسەر شاشەی تەلەفیزیۆن لێیان پرسیم بڕوات بە دیموکراسی هەیە؟ وتم: بەهیچ شێوەیەک بڕوام بە دیموکراسی نییە، بەو شێوە سیاسییەی ڕۆژئاوا، بەڵام بڕوام بە ئازادی هەیە”.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەزموونی ئیسلامییەکان بە شیعە و سوونەوە لە عێراقدا شکستی هێناوە.