ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، به‌رده‌وامن له‌سه‌ر ته‌واوكردنی رێكاره‌كانی راگرتنی تۆڕی كۆڕه‌ك تیلیكۆم و داواش له به‌شداربوانی تۆڕه‌كه ده‌كات، سیمكارته‌كانیان لای خۆیان بپارێزن به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان.
ئاوێنه: ده‌سته‌كه، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، به‌هۆی کۆتاییهاتنی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم هه‌بو و هەڵوەشاندنەوەی ئه‌و گرێبه‌ستی پاكتاوه‌ی كه له‌گه‌ڵیدا كرابو، له‌ئه‌نجامی پێشێلکردنی پابەندبونه‌كان و جێبەجێ نەکردنی پابەندبونە یاسایی و داراییەکانی، لێكه‌وته‌كانی ئه‌م بڕیارانه لە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی و دارایی و کارگێڕیی پێویست بەرامبەر كۆمپانیاكه لەلایەن دەستەوە، لەوانەش دانانی نیشانەی دەستبەسەرداگرتن لەسەر سەرمایە گوازراوە و نەگوازراوەکانی بەپێی بڕگەکانى یاسا، بەردەوامن لە تەواوکردن و جێبەجێکردنی سەرجەم ڕێکارە یاسایی و رێكخستنه پێویستەکان بۆ ڕاگرتنی کاری تۆڕی کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم، بە ڕاگرتنی کارکردنی سەرجەم پێکهاتەکانی تۆڕەکە و ئامێر و سیستەمەکانی سەر بە کۆمپانیاکه‌وە، بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی پێیان دراون، بەجۆرێک کە جێبەجێکردنی بڕیار و ڕێکارە یاساییەكان بەرامبەر کۆمپانیاکە مسۆگەر بکات.
دەستەکە جه‌ختیكردۆته‌وه لەسه‌ر گشتاندنەکانی پێشتری کە ئاڕاستەی سەرجەم بەشداربووانی کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆمی كردون كه پێویسته خۆیان به‌دوربگرن لە نوێکردنەوەی بەشدارییەکان یان پڕکردنەوەی باڵانس یان بەشداریکردن لە هەر خزمەتگوزارییەکی نوێ کە کۆمپانیاکە پێشکەشی دەکات و هه‌روه‌ها هیچ بڕە پارەیەک یان شایستەیەکی دارایی نه‌ده‌نه كۆمپانیاكه، ئەمەش بۆ ئەوەی توشی هیچ زیانێکی دارایی نەبن کە لەوانەیە لە ڕاگرتنی تەواوەتی خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکە و ڕێکارە یاساییەكانه‌وه بکەوێتەوە.
دەستەکە داواشی لە سەرجەم بەشداربوانی کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم كردوه کە سیمکارتەکانی خۆیان بپارێزن و فڕێیان نەدەن یان ڕادەستی هیچ لایەنێکیان نەکەن، ئه‌وه‌ش له‌پێناو پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانیان، تا دواتر هەر ڕێکار یان ڕێنماییەکی تایبەت بەوانه‌یان لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی دەستەکە و پلاتفۆرمە فەرمییەکانیەوە بۆ بڵاوده‌كرێته‌وه.
دەستەکە جەختی كردۆته‌وه کە بەردەوام دەبێت لە دەرکردنی ڕێنمایی و ڕێساکانی تایبەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم ڕێکارانە و دیاریکردنی وادە زەمەنییەکانیان و داواشی لە سەرجەم بەشداربوان كردوه سه‌یری ماڵپەڕی فەرمیی دەستەکەو پلاتفۆرمە فەرمییەکانی بکەن بۆ ئاگاداربون لە هەر پێشهات یان ڕێنماییەک کە لەم بارەیەوە دەردەچێت.
دەستەکە داواشی لە سەرجەم فەرمانبەرانی کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم و ئه‌وانه‌ی گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵیدا هه‌یه، كردوه كه پێویسته سەرجەم موڵک و ماڵەکانی کۆمپانیاکە بپارێزن له‌گه‌ڵ پاراستنی داتا‌و زانیارییە کەسی و دارایی و یاساییەکانی و خۆبەدورگرتن لە ئاشکراکردن یان دزەپێکردن یان کۆپیکردن یان ئاڵوگۆڕکردنی هەر داتا، زانیاری، بەڵگەنامە یان تۆمارێکی پەیوەندیدار بە کۆمپانیاکەوە به‌بێ سه‌نه‌دی یاسایی، چونکە هەر سەرپێچییەک لەم روه‌وه، ئەنجامدەرەکەی ڕوبەڕوی بەرپرسیارێتی یاسایی دەکاتەوه.
هه‌روه‌ها دەستەکە داواشی لە خاوەن موڵک و ئەو شوێنانە كردوه کە تاوەرەکانی پەیوەندیی كۆمپانیاكه‌یان تێدایە، تاوەرەکان و سەرجەم ئامێر و کەلوپەلەکانی ناو تەواوی تاوەرەکان بپارێزن و خاوەنی موڵکەکە بەرپرسیاریەتی تەواوی یاسایی لەئەستۆ دەگرێت بەرامبەر هەر نه‌مان، دەستکاری، زیان یان زەرەری مادی کە بەریان بکەوێت.
هەروەها داواشی لێكردون كه هاوکاری دەستەکە و لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان بكه‌ن لە جێبەجێکردنی یاسادا، بەوەی ڕێگە نەدەن بە فەرمانبەرانی کۆمپانیای کۆرەک یان یەکێک لە کۆمپانیا گرێبه‌ستداره‌كان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ هەمان کۆمپانیا به چونه ناو تاوەرەکان یان گواستنەوە یان هەڵوەشاندنەوە یاخود ده‌ستكاریكردنی هەر ئامێر یان کەلوپەلێک كه له تاوه‌ره‌كاندا، مەگەر بە ڕەزامەندیی فەرمیی دەستەکە بێت.