ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
هه‌ردوو داستانه شیعرییه‌كه‌ی ئۆدیسه و ئه‌لیاده، گه‌نجینه‌ی كه‌لتووری به‌پێزی یۆنانی كۆنن. هۆمیرۆسی شاعیری نابینا (كه له سه‌ده‌ی 8- 9 پ. ز. ژیاوه) نووسیویه‌تی. ئه‌لیازه گێڕانه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌ییانه‌ی جه‌نگی ته‌رواده‌یه كه له سه‌ده‌كانی سێنزده و دوانزده‌ی پێش زانین، له‌نێوان پادشای ئه‌سپارتا و شاری ته‌رواده‌ی گریگی ئه‌وسا و توركیای ئێستا روویداوه و ماوه‌ی ده ساڵی خایاندووه. به‌هۆیه‌وه شاره‌كه وێران كراوه. له‌ناو ئه‌و گێژاوه‌ش زیاتر تیشک خراوه‌ته سه‌ر کێشه و شه‌ڕی نێوان (ئه‌خیل) ی پاڵه‌وان و سه‌رکرده‌کانی دیكه. ئۆدیسه‌ش تایبه‌ته به رووداوه‌كانی دوای روخانی ته‌رواده و زیاتریش به گه‌ڕانه‌وه و گه‌شته پڕ مه‌ترسییه‌كه‌ی (ئۆدیسیۆس) ی پاڵه‌وان بۆ وڵاته‌كه‌ی، ئیساكا و به‌رگریكردنی (پێینێلۆپ) خێزانی له‌به‌رامبەر ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت ده‌ستدرێژی بكه‌نه سه‌ر ماڵ و سامانی. هه‌ردوو داستانه‌كه درێژن. ئه‌لیاده نزیكه‌ی 15600 دێڕ و ئۆدیسه‌ش 12200 دێڕه. هه‌ریه‌كه‌شیان له كۆمه‌ڵێك سرود پێكهاتوون. ماوه‌یه‌كی درێژیش زاره‌كییانه ده‌وترانه‌وه، تا له سه‌ده‌ی شه‌شه‌می پێش زاین له ئه‌سینا نووسرانه‌وه. ساڵانێكی درێژیش ئه‌و شاكارانه له كۆمه‌ڵگه‌ی یۆنانی كۆن، ته‌نیا وه‌ك دوو داستانی پاڵه‌وانی سه‌یر نه‌ده‌كران به‌ڵكو وه‌ك بابه‌تی نمونه‌یی وا بوون بۆ فێركردنی نه‌وه دوای نه‌وه، به بنه‌ماكانی ئاكار و زمان و ئه‌ده‌ب و شیعر و پاڵه‌وانییه‌تی.
ئه‌مه‌و زۆر له مێژیشه له شێوه‌ی شیعر و چیرۆك و شانۆنامه و رۆمان، وه‌ك هه‌وێن كه‌وتونه‌ته ناو به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی جیهانی. وه‌ك خاوی گرنگیش، هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی هونه‌ری حه‌وته‌م به‌كارهێنراون و چه‌ندان جار كراونه‌ته فیلم. له سه‌رده‌می سینه‌مای بێده‌نگ، ساڵی 1911 له داستانی (ئیلیاده) فیلمی (رووخانی ته‌رواده La caduta di Troia) به‌رهه‌م هێنرا كه (جیۆڤانی پاسترۆن) و (لویجی رۆمانۆ بۆرگنیتۆ) له سینه‌مای ئیتاڵی ده‌ریانهێنا. هه‌ر له‌و ساڵه و له ئیتاڵیا له داستانی (ئۆدیسه) به هاوبه‌شی (فرانسیسکۆ بێرتۆلینی) و (ئەدۆلفۆ پادۆڤان) و (جوزێپی دی لیگوارۆ) فیلمی (ئۆدیسه L'Odissea) ده‌رهێنرا.
دوای ده‌ركه‌وتنی سینه‌مای ده‌نگداریش، ساڵی 1954 ماریۆ كامێرینی ده‌رهێنه‌ر، له ئیتاڵیا فیلمی (یولیسس Ulisse) ی ده‌ریهێنا كه كۆمه‌ڵێك ئه‌كته‌ری ئه‌مه‌ریكی و ئیتاڵی رۆڵیان تێدا گێڕابوو، له‌وانه كیرك دۆگلاس و سیلڤانا مانگانۆ و ئەنتۆنی کوین. ساڵی 1956 له ئه‌مه‌ریكا له داستانی ئیلیاده فیلمی (هێلین له ته‌رواده Helen of Troy ) به‌رهه‌مهێنرا كه (رۆبێرت وایز) ده‌ریهێنا تێیدا (جاك سیرناس) و (رۆزانا پۆدیستا) و (سیدرك هارودیك) و (ستانلی باكه‌ر) و (رۆبێرت دۆگلاس) و (بریجت باردۆ) و چه‌ندانی دیكه رۆڵه‌كانیان گێڕاوه. ساڵی 1961 جۆرجۆ فێرۆنی له ئیتاڵیا فیلمی (ئەسپی ترۆجان La guerra di Troia) ی دەرهێنا كه (ستێف رێڤز) ی پاڵه‌وانی له‌شجوانی ئه‌مه‌ریكی و ناودار له فیلمه‌كانی هه‌رقل، له‌ته‌ك (جولیت ماینه‌ل) و (جۆن در‌و باریمۆر) و (ئیدی ڤیسێل) و (لیدیا ئه‌لفۆنسی) و چه‌ندانی دیكه، رۆڵی سه‌ره‌كی گێڕاوه. ساڵی دواتریش (جوردون متشیل) ی ئه‌كته‌ری ئه‌مه‌ریكی له فیلمی (توڕه‌یی ئاخیل L'ira di Achille) ی (مارینۆ جیرۆلامی)ی ده‌رهێنه‌ر له ئیتاڵیا، رۆڵی ئەخیلی به‌رجه‌سته‌كرد. ناوه‌رۆكی ئه‌و كاره‌ش له داستانه‌كه‌ی ئه‌لیازه وه‌رگێرابوو.
ساڵی 1997 ئه‌ندرێ كۆنشالۆڤسكی ده‌رهێنه‌ری رووسی له ئه‌مه‌ریكا، زنجیره ته‌له‌ڤزیۆنی (ئۆدێسه The Odyssey) ی ده‌رهێنا كه كریستۆفر لی و ئه‌رماند ئه‌سانت و گرتا سكاشی و ئیزابێلا روسللینی و بێرناردیت پیته‌رز و چه‌ندانی دیكه به‌شدارییان تێدا كردبوو. ناوه‌رۆكه‌كه‌ی ئاوێته‌ی هه‌ردوو داستانه‌كه بوو و به‌كارێكی ناوازه و سه‌ركه‌تووش دا‌نرا چونكه ته‌كنیكی كۆمپیوته‌ر جوانییه‌كی تایبه‌تی پێبه‌خشیبوو. هه‌موو ئه‌و ورده‌كارییه ئه‌ندیشه‌یی و ئه‌فسانه‌ییانه‌ی كه پێویستبوو، له رێگه‌ی كۆمپیوته‌ر ئه‌نجامدرا بوو. ساڵی 2004 (ڤولفجانج پیته‌ر سۆن) له ئه‌مه‌ریكا فیلمی (ته‌رواده Troy) ده‌ریهێنا كه تێیدا (براد پیت) و (ئۆرلاندو بلۆم) و (ئیرك بانا) و (دیان كرۆجه‌ر) و (پیته‌ر ئۆتۆن) و چه‌ندانی دی رۆڵه‌كانیان به‌رجه‌سته‌كردبوو. بۆ ئه‌وسا ئه‌و فیلمه خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ بوو بۆ داستانه‌كانی هۆمیرۆس، ئه‌ویش بانگه‌وازكردن بوو بۆ ئاشتی و رقبوونه‌وه له شه‌ڕ و دۆزینه‌وه‌ی ده‌روازه بۆ رزگاربوون له‌ڕووبه‌ڕووبونه‌وه سیاسییه ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. هه‌روه‌ك له مه‌به‌ستی (ئاخیل) ی پاڵه‌وانی فیلمه‌كه به‌دیارده‌كه‌وێت كه ئه‌و پاڵه‌وانه فه‌رمانه‌كانی به‌جێنه‌ده‌گه‌یاند، چونكه ده‌بوایه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ركرده‌كان شه‌ڕ بكات، كەچی ئه‌و ته‌نیا شه‌ڕی له‌پێناو نیشتمان به‌لاوه پیرۆز بوو.
دوا به‌رهه‌می سینه‌مایی كه له‌و دوو داستانه وه‌رگیرابن، فیلمی (ئودیسه The Odyssey) یه كه ئه‌م ساڵ (كریستۆفەر نۆڵان) له ئه‌مه‌ریكا ده‌ریهێنا و (ئیما تۆماس) ی هاوسه‌ریشی به‌رهه‌میهێناوه. ماوه‌كه‌ی نزیكەی 3 كاتژمێره (رۆژی 17ی تەمموز كه بۆ یه‌كه‌مجار له سینەماكان نمایشكرا وەرچەرخانێكی نوێ بوو لە مێژووی سینەما و دەنگدانەوەیەكی گەورەی لە ئاستی جیهانیدا لێكه‌وته‌وه، نەك تەنیا لەبەر كێشنده‌یی چیرۆكە ئەفسانەییەكەی، بەڵكو لەبەر ئەو تەكنەلۆژیا پێشكەوتووه‌ی كه لە بەرهەمهێنانیدا بەكارهێنرا بوو، به‌تایبه‌تیش ئەزموونی بینینی و دەنگی بێوێنه كه تەكنەلۆژیای (IMAX) ی تێدا به‌كارهێنراوه. ئه‌مه‌و یەكەم فیلمیشە لە مێژوودا كە بە تەواوی بە كامێرای (IMAX 70mm) وێنەی گیرابێت. وێنه‌كانیشی لە وڵاته‌كانی مەغریب، یۆنان، ئیتاڵیا، ئایسلەندا، سكۆتلەندا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمه‌ریکا گیراون. ده‌رهێنه‌ر بۆ ئەم مەبەستە سیستەمێكی نوێ كامێرای بەكارهێناوە تاكو بینەر هەست بكات لەناو ڕووداوەكاندا دەژی.
بۆ دابینكردنی ورده‌كارییه‌كانیش بودجه‌یه‌كی یه‌كجار زۆری بۆ ته‌رخانكرا كه گه‌یشته 250 ملیۆن دۆلار، به‌ڵام ته‌نیا لە هەفتەی یەكەمی نمایشكردنیدا لە ئەمه‌ریکا زیاتر لە 123 ملیۆن دۆلاری كۆكردەوە. له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی مانگی ته‌مموز داهاتی فیلمەكە گه‌یشته 630 ملیۆن دۆلار. چاوەڕوانیش دەكرێت ببێتە پڕ داهاتترین فیلمی ساڵ. له‌و به‌رهه‌مه‌شدا كۆمه‌ڵێك ئه‌كته‌ری به توانا رۆڵیان گێڕاوه له‌وانه: (مات دەیمۆن) رۆڵی ئۆدیسۆس، (ئان هاساوای) ڕۆڵی پێینێلۆپی، (تۆم هۆڵاند) رۆڵی تێلیمكۆس، (ڕۆبێرت پاتینسن) ڕۆڵی ئەنتینۆس، (زێندایا) رۆڵی ئەسینا، (لوپیتا نیۆنگۆ) ڕۆڵه‌كانی هێلین و كڵایتێمنێسترا، (بێنی سافدی) رۆڵی ئاگامێمنۆن، (تراڤیس سكۆت) ڕۆڵی چیرۆك خوێن.
ناوه‌رۆكی فیلمه‌كه تایبه‌ته به گەشتە پڕ لە مەترسی و درێژخایەنەكەی (ئۆدیسۆس ( ی پاشای ئیتاكا له گەڕانەوەی بۆ نیشتمانەكەی، دوای كۆتاییهاتنی جەنگی ته‌رواده كە دە ساڵی خایاندبوو. له‌و گه‌شته‌شیدا ڕووبەڕووی بوونەوەرە ئەفسانەییەکان دەبێتەوە. سه‌ره‌تای فیلمه‌كه گێڕانەوەی رووداوه‌كانه له‌لایه‌ن چیرۆكخوێن. دواتر جه‌نگی ته‌رواده و رۆڵه كاریگه‌رییه‌كه‌ی (ئەسپە دارینەكە) و ڕووبەڕووبوونەوەی ئۆدیسۆس لەگەڵ بوونەوەرە ئەفسانەییەكان و جادوگەر و گەشت بۆ جیهانی ژێرەوە و وەرگرتنی ڕێنمایی له جیهانی مردووان و لەوێشدا ڕووبەڕووبوونه‌وه‌ی بۆ ڕابردووی خۆی ده‌بینرێ. ئینجا پاش دە ساڵ بە تەنیایی و بە پۆشاكی هەژاران دەگەڕێتەوە ماڵەكەی تاكو تۆڵە لەو كەسانە بكاتەوە كە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی و هاوسەرەكەیان دەدا.
شایانی باسه كریستۆفەر نۆڵانی ده‌رهێنه‌ر له زۆربه‌ی فیلمه‌كانی كاری له‌گه‌ڵ زه‌مه‌نێكی دیكه كردووه. لێره‌شدا بە شێوازی تایبەتی خۆی و بە بەكارهێنانی هێڵە كاتییە تێكەڵەكان، چیرۆكەكەی خستۆته‌ڕوو، به‌وه‌ش جارێكی دیكه سەلماندی دەتوانێت ده‌قه كۆنەكان بە شێوازی مۆدێرن و سەرنجڕاكێش بژیه‌نێتەوە، به‌و جۆره‌ی بۆ هەموو نەوەكان گونجاو بێت.