هێزە ئەمنییەکانی عێراق، شەوی ڕابردوو، کازم سەیادی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراقیان دەستگیر کرد. پرۆسەی دەستگیرکردنەکە لەسەر بنەمای فەرمانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "هەراسانکردن" ئەنجام دراوە.
ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵیی عێراقی بڵاویکردەوە کە بڕیارەکە دوای لێکۆڵینەوە و دەرچوونی فەرمانی دادوەری بووە، و هێزە پەیوەندیدارەکان توانیویانە ڕێکارە یاساییەکان بەرانبەر ناوبراو جێبەجێ بکەن.
کازم سەیادی لە ماوەی خولە جیاوازەکانی پەرلەمانی عێراقدا وەک کەسایەتییەکی سیاسیی خاوەن لێدوان و هەڵوێستی تووند دژی هەرێمی کوردستان دەناسرا، کە چەندین جار لە ڕێگەی لێدوانە میدیاییەکانیەوە مشتومووڕی سیاسیی بەدوای خۆیدا هێنابوو.
ئەم ڕکارە یاساییە لە کاتێکدا دێت کە دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق لە ماوەی ڕابردوودا دەستیان بە هەڵمەتێکی بەرفراوان کردووە بۆ لێپرسینەوە لەو کەسایەتی و بەرپرسە پێشووانەی کە بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، پێشێلکاری، یان گەندەڵی تۆمەتبارکراون و لەو چوارچێوەیەشدا چەندین کەسایەتی ناسراو ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.