دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی لەبەیاننامەیەکدا داوا دەکات بڕیاری چۆڵکردن و روخاندنی باڵەخانەی دادگای کۆنی سلێمانی رابگیرێت.
ئاوێنە: دەقی بەیاننامەکە:
ڕاگەیاندنێک لە بارەی مامەڵەکردنی نایاسایی لەگەڵ باڵەخانەی دادگای کۆنی سلێمانی
دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی بە نیگەرانیەکی زۆرەوە ئاگاداری ئەو زانیاریانەیە کە باڵەخانەی دێرینی دادگای دێرینی سلێمانی، کە لە ناوەندی شار و لەسەر شەقامی کاک ئەحمەدی شێخ هەڵکەوتووە، هەموو فەرمانگە حکومییەکانی ناو ئەم باڵەخانەیە ئاگادار کراونەتەوە کە شوێنەکە چۆڵ بکەن و بەدوای خانووی کرێدا بگەرێن وەک جێگرەوە بۆ فەرمانگەکانیان، بە مەبەستی ڕووخان و گۆڕینی بالەخانەکە بۆ پڕۆژەی بازرگانی.
ئەم باڵەخانەیە لە ئێستادا چەندین فەرمانگە و دامەزراوەی حکومی تێدایە کە کاری ڕۆژانەی سەدان هاوڵاتی ڕادەپەرێنن، لەوانە: دادنووسی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردن ، بەڕێوەبەرایەتی ناکامەکان ، سەرپەرشتیاری دادیی ، بنکەی پۆلیسی (وونبوەکان)، بەڕێوەبەرایەتی ئامار و بانکی ئەزمەڕ. لە کاتێکدا کە تا ئێستا هیچ جێگەیەکیان بۆ حەوت فەرمانگەیە نەدۆزیەوەتەوەو پێیان راگەیاندوون کە بەدوای خانوو کرێدا بگەرێن.
ئەوەی زیاتر جێگای نیگەرانییە لە کاتی ئاگادارکردنەوەکەدا هەر هێندەیان پێ راگەیاندوون کە ئەم باڵەخانە دێرینە دەکرێت بەشوێنێکی بازرگانی، لە کاتێکدا بەبێ ئەوەی هیچ شوێنێک بۆ ئەم فەرمانگانە دەستنیشان بکرێت. ئەو زانیاریانەی کە تا ئێستا لەبەردەستن، لە پشتی دەرکردنی بڕیاری گوڕینی ئەم موڵکەی شارەوانی بۆ شوێنێکی بازرگانی، ئاماژە بەوە دەکرێت کە درابێت بە کۆمپانیایەکی نزیکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
لەم ڕوانگەیەوە داوا دەکەین دەستبەجێ پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت، ئەمە جگە لەوەی کە میراتێکی خزمەتگوزاری شاری سلێمانییە ، هەروەها بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە (یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک وماڵی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان) کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، بنەمای سەرەکیی فرۆشتنەکە تەنها لە رێگەی زیاکردنی ئاشکرا (مزایدە) دەبێت بۆ پاراستنی سامانی گشتی و زامنکردنی شەفافییەت. ڕێکارە سەرەکییەکانی فرۆشتن بەپێی یاسا پێکهێنانی لێژنەیەکی تایبەتمەندە لە لایەن وەزارەت، یان لایەنی پەیوەندیدارەوە بۆ خەمڵاندنی نرخی موڵکەکە پێش فرۆشتنی. دواتر بڵاوکردنەوەی ئاگاداریی زیاکردنی ئاشکرا لە رۆژنامە فەرمی و مێدیاکاندا بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتییان و خاوەن بەرژەوەندییەکان ئاگادار بن. پاشان ئەنجامدانی زیاکردن ئەو کارەش بە ئامادەبوونی لێژنە و بەشداربووان بە شێوەیەکی ئاشکرا بەڕێوەدەچێت و دەدرێت بەو کەسەی بەرزترین نرخ پێشکەش دەکات. پاش تەواوبوونی زیاکردنەکە، پێویستە ڕەزامەندیی لایەنی سەرو یان ئەنجومەنی وەزیران/وەزیری پەیوەندیدار وەربگیرێت بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکە.
هەروەها داوا دەکەین تا کاتی ڕوونکردنەوەی تەواوی بابەتەکە و دڵنیابوون لەڕەچاوکردنی هەموو ڕێکارە یاساییەکان، هیچ هەنگاوێک بۆ ڕووخاندن و خاپوور کردنی نەدرێت، لەسەرو ئەمەشەوە ئەو موڵکە نەدرێت بە هیچ کۆمپانیایەکی بەرژوەندخواز.
ئێمە دژ ئەوەی نین کە شارەکەمان و فەرمانگەکانی حکومەت بە شێوەیەکی مۆدرێن نوێ بکرێنەوە، بەڵام جەخت لەوە دەکەینەوە کەهەر هەنگاوێک لەو بوارەدا دەنرێت دەبێت لە چوارچێوەی یاساو، بە شەفافیەت ئەنجام بدرێت و ڕەچاوی پاراستنی موڵکی گشتی و بەڕێوەچوونی کاروباری فەرمانگەکان بکرێت.
دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی
سلێمانی ١٧-٨-٢٠٢٦