بەگوێرەی نوێترین ئامارە فەرمییەکانی ئەنجوومەنی دادوەری، لە ساڵی ٢٠٢٥دا جووڵەیەکی بەرچاو لە تۆماری گرێبەستەکانی هاوسەرگیری و کەیسەکانی جیابوونەوە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، بە جۆرێک هاوسەرگیری بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و هاوکات ئاستی جیابوونەوەش لە زۆربەی ناوچەکان هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە.
ئاوێنە: کۆی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری لە سەرتاسەری هەرێم گەیشتووەتە زیاتر لە ٦١ هەزار حاڵەت، ئەمەش بەراورد بە ساڵی پێشتر (٢٠٢٤) بەرزبوونەوەیەکی ڕوونی بەخۆوە بینیوە کە بە زیاتر لە ١٠ هەزار حاڵەت دەخەمڵێندرێت. لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، پارێزگای سلێمانی لە پلەی یەکەمی زۆرترین تۆماری مارەبڕین دێت، دوای ئەویش بە ڕیزبەندی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و ئیدارەی گەرمیان دێن کە لە هەموویاندا ڕێژەی هاوسەرگیری ڕووی لە زیادبوون کردووە.
جیابوونەوە و جیاوازیی ئامارەکان لە نێوان پارێزگاکاندا
لە بەرامبەر زیادبوونی هاوسەرگیریدا، دۆسیەکانی هەڵوەشاندنەوەی خێزانیش لە هەرێم گەیشتووەتە ١٥ هەزار و ٨٢٦ حاڵەت. لەم نێوەندەدا پارێزگای هەولێر بە تۆمارکردنی ٧ هەزار و ١١٣ حاڵەتی جیابوونەوە، لە پلەی یەکەمی ناوچەکانی هەرێمدا جێگیر بووە و زۆرترین ڕێژەی زیادبوونی تەڵاقی تێدا تۆمارکراوە؛ بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠٢٥دا جیابوونەوە لەو پارێزگایە بە تەنیا زیاتر لە ٣ هەزار حاڵەت زیادی کردووە کە بەرزترین ئاستی هەڵکشانە.
خاڵی سەرنجڕاکێش و جیاکەرەوە لە ئامارە فەرمییەکاندا ئەوەیە کە لە کاتێکدا جیابوونەوە لە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان ڕووی لە زیادبوون کردووە، تەنیا لە پارێزگای سلێمانی ئامارەکانی جیابوونەوە دابەزینیان تۆمارکردووە و کەمی کردووە.
ئەم داتایانەی ئەنجوومەنی دادوەری دەریدەخەن کە لە پاڵ زیاتربوونی گرێبەستەکانی پێکهێنانی خێزان لە هەرێمی کوردستان، دۆسیەکانی هەڵوەشاندنەوەی خێزانیش لە زۆربەی ناوچەکاندا لە ئاستێکی بەرزدا ماونەتەوە و بەردەوام لە زیادبووندان.