لە وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 750 ملیار دینار کۆکراوەتەوە بۆ دابینکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان، تەنیا 100 ملیار دیناری دیکە ماوە بۆ تەواوکردنی کۆی تەمویلەکە و پێشبینی دەکرێت لەمڕۆ یان سبەینێدا بڕیاری ناردنی پارەکە واژۆ بکرێت.
ئاوێنە: میدیای یەکێتی بڵاویکردەوە، تا ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، بڕی 750 ملیار دینار بۆ مووچە ئامادەکرابوو، تیمی وەزارەتی دارایی جەخت دەکەنەوە کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کورتهێنانی پارە نەختینەییەکە پڕ دەکرێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەموو مانگێک بەهۆی ڕێکارە کارگێڕییەکان و وردبینی لیستەکانەوە، ناردنی تەمویلەکە چەند ڕۆژێک دوا دەکەوێت.
هاوکات چەند پەرلەمانتارێکیش جەختیان لە ناردنی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم لەم هفتەیەدا لەلایەن بەغداوە کردبوەوە.
هاوکات وەزارەتی دارایی عێراق چەند مانگێکە بەبێ چاوەڕوانکردنی 120 ملیار داهاتی نانەوتی هەرێم، ئەو بڕە پارەیە لە پارەی مووچە دەبڕێت و ئەوەی دیکە ڕەوانە دەکات.