عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێستی داوایەکی بە دادگای فیدراڵی عێراق کردبوو لەبارەی ئەوەی بە فەرمانێکی (ئەمری وەلائی) خەرجکردنی مووچە و دەرماڵەی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕابگیرێت، بەڵام دادگاکە رەتیکردەوە.
ئاوێنە: دادگای فیدراڵی لە نوسراوێکدا کە بە ژمارە (13/اتحادیە/ئەمری وەلائی/2026) دەرچوە، بڕیاریداوە، مەرجە یاساییەکان بۆ دەرکردنی فەرمانی وەلائی (بەپەلە) لەم داواکارییەدا بەدی نەهاتون، بەتایبەت مەرجی "سیفەتی بەپەلەیی" و "دەستکاری نەکردنی بنەمای مافەکە". هەر بۆیە دادگا بە کۆی دەنگ بڕیاریدا بە ڕەتکردنەوەی داواکارییەکە.
ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی بەپێی ماددەی (94)ی دەستوری عێراق بڕیارێکی بنبڕە و هیچ ڕێگایەکی تانەلێدانی تێدا نییە، بەمەش تاوەكو کاتی یەکلاییکردنەوەی داوا بنەڕەتییەکە (کە تایبەتە بە شەرعییەتی پەرلەمان)، مووچەی پەرلەمانتاران بەردەوام دەبێت.
لایخۆیەوە عەلی حەمەساڵح لە ڕاگەیەندراوێكدا وتویەتی "سکاڵاكەی بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان و ناساندنی حکومەت وەک کاربەڕێکەر بووە. یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی دەرکردنی (ئەمری وەلائی) بووە بۆ ڕاگرتنی مووچەی سەرجەم پەرلەمانتاران، بەڵام دادگا ئەو داواکارییەی ڕەتکردوەتەوە".
وتوشیەتی "ماوەی حەوت مانگە مووچەم وەرنەگرتووە و داوای ڕاگرتنیم کردووە، چونکە دڵنیا نییم لەوەی ئەو مووچەیە بۆ من ڕەوا بێت. هەروەها مەبەستی لە سکاڵاکە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بووە بۆ پاراستنی سامانی گشتی و دیاریکردنی شەرعییەتی دامەزراوەکان".
ئەوەش لەکاتێکدایە، عەلی حەمەساڵح لەڕێگەی پارێزەرەکەیەوە داوای لە دادگا کردبوو، تاوەكو کاتی یەکلاییکردنەوەی ئەو داوایەی کە سەبارەت بە "نادەستوریبونی بەردەوامبونی خولی شەشەمی پەرلەمان" تۆماری کردووە، بڕیارێکی بەپەلە بۆ ڕاگرتنی شایستە داراییەکانی پەرلەمانتاران دەربکرێت، ئەوەش بە مەبەستی 'پاراستنی سامانی گشتی و ڕێگریکردن لە هەر ئاسەوارێکی دارایی کە چاککردنەوەی ئەستەم بێت'.