ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، نازانن کەی بەغدا تەمویلی مووچەی هەرێم دەکات، بەڵام ئەوەش ئاشکرا دەکات کە وەزیری دارایی بەغدا سەرقاڵی پارە کۆکردنەوەیە بۆ مووچەی مانگی ٧.
ئاوێنە: د. رێبوار کەریم، سەرۆکی لیستی هەڵوێست لە پەرلەمانی عێراق تایبەت بە ئاوێنەی وت "کۆتا قسە کە لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کردوومانە وتی؛ هەرکاتێک تەمویلی تەواوم کۆکردەوە مووچەی مانگی ٧ بۆ هەرێم دەنێرم. بەڵام فالح ساری رۆژ و کاتەکەی دیارینەکرد".
ئەو زانیاری وردتر ئاشکرا دەکات و دەڵێت "مووچە دووبارە بە مەقاسە دەنێردرێتەوە، بەڵام بۆ ناردنی مووچەی مانگی ٧ لە بەغداوە؛ بەڕاستی ئێمەش نازانین کە ئایا ئەم هەفتەیە مووچە دێت یاخود نا!".
وتیشی "وەزیری دارایی ئێستاش سەرقاڵی کۆکردنەوەی پارەیە بۆ مووچەی هەرێم، تاوەکو رۆژی پێنجشەممە نزیکەی ٦٢٥ ملیار دیناری کۆکردبووەوە و نزیکەی ٢٢٥ ملیارێکی ماوە".
"ناتوانم رۆژێک دیاری بکەم بۆ هاتنی مووچە یاخود بڵێین گەشبینیەک هەیە". ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق وای وت