روانگهی ئیكۆ عێراق رایدهگهیهنێت، حکومەتی عێراق بە بێدەنگبونی لەسەر بڕیاری گۆڕینی دراو، بازاڕی دیناری توشی شڵەژان كردوهو داواش له لایهنه پهیوهندیدارهكان دهكات به راگهیهندراوی رهسمی هۆكاری گۆڕینی دراو، ئامرازەکانی جێبەجێکردن، خشتەی کاتی و گەرەنتییەکانی پاراستنی پاشەکەوتی هاوڵاتییان و سەقامگیریی بازاڕ ڕون بکهنهوه.
ئاوێنه: روانگهی ئیكۆ عێراق، له راگهیهندراوێكدا ئاماژهی بهوهداوه، سهرلێشێوای حکومەت مەترسی لەسەر متمانەی عێراقییەکان بە دراوی نیشتمانی دروست دەکات و حکومەت بە بێدەنگبونی لەسەر بڕیاری گۆڕینی دراو، بازاڕی دیناری توشی شڵەژان كردوه.
ڕوانگەی ئیكۆ عێراق سەرکۆنەی سهرلێشێواوی لە گوتاری حکومیدا کرد لهبارهی راگەیاندنی بڕیاره ئابوری و نەقدییه هەستیارهكانی وەک گۆڕینی دراوی نیشتمانی لە ڕێگەی كهسانی نەشارەزاوە، لەكاتێكدا كه بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی دارایی وڵاتهكه بێدهنگییان ههڵبژاردوه.
ڕوانگەکە ڕایگەیاند کە "ئیدارهدانی دۆسەیەک بە قەبارەی دراوی نیشتمانی لە ڕێگەی لێدوانی جیاجیاوە، لە بڕی کۆنگرە و بەیاننامەی فەرمیی ڕون کە لە لایەنە نەقدی و داراییە پەیوەندیدارەکانەوە دەربچێت، ئاماژەیە بۆ لاوازی لە هەماهەنگیی حکومیدا"، ڕونیشیکردەوە کە "سەرلێشیواوی لەم شێوەیە دەرگا لەبەرامبەر دەنگۆ، یاریپێکردنی بازاڕ، شڵەژانی بازاڕەکان و زیانگەیاندن بە هاوڵاتییان و وڵات دەکاتەوە".
ڕوانگەکە هۆشداری دا لەوەی کە "ئەم ناڕونییە دەست بۆ ئاسایشی ئابوریی هاوڵاتییان دەبات و رەنگە کاریگەری لەسەر متمانەیان بە دراوی نیشتمانی دروست بکات و داواکاری لەسەر دراوە بیانییەکان و زێڕ زیاد بکات، بەجۆرێک کە بارودۆخی شڵهژان لە بازاڕدا قوڵتر بکاتەوە".
ئیكۆ عێراق "بهرپرسیارێتی ڕونکردنەوەی ڕاستیی بڕیارەکە و هەر شڵەژانێکی لە بازاڕی عێراقدا" خستۆته ئهستۆی بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی عێراق كه "بەهۆی بێدەنگبونیانەوە ڕوبدات."
روانگهكه داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردوه "بەیاننامەیەکی فەرمی دەربکەن و تێیدا هۆکارەکانی گۆڕینی دراو، ئامرازەکانی جێبەجێکردن، خشتەی کاتی و گەرەنتییەکانی پاراستنی پاشەکەوتی هاوڵاتییان و سەقامگیریی بازاڕ ڕون بکهنهوه."