سیروان بارزانی، خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دەڵیت، بڕیارەکانی کۆمسیۆنی گەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق دژی بە کۆمپانیاکەی، نایاسایی و بێبنەمان و بەشێکن لە شەڕێکی ئابووری، سیاسی و ئەمنی دژی هەرێمی کوردستان.
ئاوێنە: سیروان بارزانی، خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، بڕیارەکانی کۆمسیۆن زۆر بە ڕوونی لایەنگیریی ڕکابەرەکانی کۆڕەک دەکەن و ڕیکلامیان بۆ دەکەن، جەختیشی کردەوە کە لایەنێکی سیاسی کۆمسیۆنەکەی قۆرخ کردووە و تاوەکو ئێستاش هۆکاری ڕاستەقینەی ئەم کارە نادادپەروەرانەیە نەزانراوە.
سیروان بارزانی دووپاتی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک سەرۆکی کۆمسیۆن مافی دەرکردنی بڕیاری وەها ناڕەوا و نایاسایی نییە و ڕێکارەکانیان دوورن لە هەموو بنەمایەکی یاسایی.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم داوای لە حکوومەتی عێراق و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق کرد، ڕێگری لەم جۆرە کردەوە نابەرپرسانەی بڕیاردەرانی کۆمسیۆن بکەن، هۆشداریشی دا کە هەڵسوکەوتی ئەم جۆرە بەرپرسانە دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق لەسەر ئاستی جیهان وەک وڵاتێکی بێیاسا دەربکەوێت.
لێدوانی سیروان بارزانی دوای ئەوە هات، دوێنێ چوارشەممە، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق داوای لە سەرجەم بەکارهێنەرانی هێڵی کۆڕەک تیلیکۆم کرد، بەپەلە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی هەژمارە دیجیتاڵییەکانیان، ئەمەش وەک ڕێوشوێنێکی خۆپارێزی دێت بۆ ئەو بەکارهێنەرانەی کە ژمارەی کۆڕەکیان بۆ پشتڕاستکردنەوە یان چونەژوورەوەی ئەپڵیکەیشن و سۆشیاڵ میدیاکان بەکاردەهێنن، تاوەکو تووشی کێشەی نەگەیشتن بە هەژمارەکانیان نەبن لە ئەگەری ڕاوەستانی خزمەتگوزاری نامەی ژمارەکانی کۆڕەک.