نومان قورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ، لە چاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاند کە قۆناغی جێبەجێکردنی «یاسای چوارچێوە» بە تەواوی بە شێوەیەکی شەفاف بەڕێوە دەچێت. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە پەسەندکردنی ئەم یاسایە بە زۆرینەی ٤٦٧ دەنگ لە پەرلەمان، نیشانەی ئیرادەیەکی مێژوویی و دەگمەنە لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتیدا و جەختی کردەوە: «کاتێک ئاشتیی تەواو دەستەبەر دەکەین، مۆدێلی تورکیا لە هەموو جیهاندا وەک نموونە و دەرس لە کۆلێژەکانی زانستە سیاسییەکان و یاسادا دەخوێندرێت».
ئاوێنە: قورتوڵموش ئاماژەی بەوە کرد، ئەو زیانە مرۆیی و داراییانەی بەهۆی ناکۆکی و تیرۆرەوە لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا بەر تورکیا کەوتوون گەورە بوون، بەڵام ئێستا بە ئیرادەیەکی دەوڵەتی و پشتیوانیی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، هەنگاوی خێرا نراوە. ناوبراو باسی لە کۆمیسیۆنی «پشتیوانیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی» کرد کە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان—بە بنەماڵەی شەهیدان، برینداران و دایکانی ئاشتیشەوە—ڕاپۆرتێکی هاوبەشیان ئامادە کردووە و یاساکەش لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژراوە.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕوونی کردەوە کە یاساکە لە ئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە/کەجەکە و دانانی چەکدا هاتووەتە ئاراوە و وتی: «ئەم پرسە ئاشتیی دەوڵەت نییە لەگەڵ لایەنێکدا چونکە دەوڵەت نەچووبووە شەڕەوە، بەڵکو یاسایەکە بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی دوای دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکخراوە». هەروەها دڵنیایی دا کە یاساکە بە هیچ جۆرێک دەستکاریی بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەت، سیستەمی یەکگرتوو (یۆنیتاری) و چوار ماددەی یەکەمی دەستوور ناکات و مافی هاووڵاتیبوون لەسەر بنەمای «پاراستنی شەرەفی کورد و شکۆی تورک» دادەمەزرێنێت.
لە وەڵامی ئەو ڕەخنانەی کە دەڵێن یاساکە لێخۆشبوونی گشتییە، قورتوڵموش وتی: «ئەمە لێخۆشبوونی گشتی نییە، بەڵکو سێ کلیل و میکانیزمی پارێزبەندیی لەخۆگرتووە»:
- میکانیزمی یەکەم: پشتڕاستکردنەوە و چەسپاندنی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی تەواوی ڕێکخراوەکە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە، پێش ئەوەی یاساکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن.
- میکانیزمی دووەم: پێکهێنانی دەستەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆک کۆمار و بەشداریی وەزیرانی داد، ناوخۆ، بەرگری، دەرەوە و سەرۆکی میت، بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی هەر کەسێک بە جیا؛ هاوکات سەرکردە باڵاکانی ڕێکخراوەکە لەم یاسایە بەدەر دەکرێن.
- میکانیزمی سێیەم: دامەزراندنی لیژنەیەکی چاودێری لە پەرلەمان بە بەشداریی هەموو پارتەکان بۆ بەدواداچوونی وردی تەواوی قۆناغەکە.
سەبارەت بە هەڕەشە دەرەکییەکان و ئەگەری تێکدانی ئەم هەلە، قورتوڵموش هوشداری دا لە دەستێوەردان و ئیستفزازاتی ناوچەیی (بە تایبەت مەترسیی سیاسەتەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا) و ئاماژەی بە مێژووی تیرۆرکردنی کەسایەتییەکانی وەک ئەشرەف بیتلیس و ئۆغور مومجو کرد کە لە ڕابردوودا بۆ لەباربردنی پرۆسەکانی ئاشتی ئەنجام درابوون.
لە کۆتاییدا، قورتوڵموش تیشکی خستە سەر گۆڕانی کەشوهەوای ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵات و جەختی لە گرنگیی بەستنی دەستوورێکی نوێ، مەدەنی، ئازادیخواز و گشتگیر کردەوە، بەو پێیەی پەرلەمانی ئێستا خاوەنی گونجاوترین پێکهاتەیە بۆ سازانی نیشتمانی