بڕیارە سبەی چوارشەممە وەفدێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، بگاتە شاری بەغدا و زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسان و کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق ئەنجام بدات، لە کاتێکدا دۆخە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە گوزارشت لە هەستیاریی دۆخەکە دەکەن.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە قسەی بۆ ئاژانسی شەفەق نیوز کردووە، سەردانەکە چەندین تەوەر و دۆسیەی هەستیاری سیاسی، ئەمنی و ئابووری لەخۆدەگرێت. لە گرنگترین تەوەرە ئابوورییەکان، پرسی ڕێگەدانە بە عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتەکەی لە ڕێگەی گەروی هورمزەوە لە سایەی ئەو پەرەسەندنانەی کە ناوچەکە بەخۆیەوە بینیوە.
لە ڕەهەندی ئەمنیدا، وەفدە ئێرانییەکە دۆسیەی کۆکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە دەستی دەوڵەتدا تاووتوێ دەکات و هەڵوێست و ڕوانگەی تاران لەمبارەیەوە بە بەرپرسانی عێراق دەگەیەنێت، هاوکات تیشک دەخرێتە سەر مەترسییەکانی ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگ لە ناوچەکە و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی لەسەر هەردوو وڵات.
ئەم سەردانە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی سییەمین ڕۆژی مانگی ئەیلول (٣٠ی ئەیلول)، کە پێشتر هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی پێکهێنەری هاوپەیمانیی إدارة الدوڵەت وەک دوا وادە بۆ کۆکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی چەک لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دیاریان کردووە. هاوپەیمانییەکە پێشتر هۆشداریدابوو کە دوای ئەم وادەیە، هەر چالاکییەکی چەکداریی لە دەرەوەی یاسا و دەسەڵاتی دەوڵەت، بەپێی یاسای دژەتیرۆر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
هەفتەی ڕابردوو، بەغدا چەند کاتژمێرێکی پڕ لە گرژیی ئەمنی بەخۆوە بینی، ئەوەش دوای ئەوەی هەڕەشەی وەڵامدانەوە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە ڕاگەیەندرا لە پاش هێرش بۆ سەر بارەگاکانی الحشدو الشعبی؛ بەڵام دوای دیدارێکی بەرەبەیانی نێوان سەرۆکوەزیران و هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر، دۆخەکە هێورکرایەوە و داوا کرا بەرژەوەندیی باڵای عێراق لەبەرچاوبگیرێت و وەڵامی سەربازی دوا بخرێت.
سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی پلانی کۆنترۆڵکردنی چەک، پرسەکە ڕووبەڕووی دابەشبوونی هەڵوێستی سیاسی و مەیدانی بووەوە؛ لە کاتێکدا هەندێک لایەن ئامادەییان نیشانداوە بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەت، گرووپەکانی وەکو کەتائیبی حزب الله، نوجەبا و کەتائیبی سید الشهداء ڕەتیانکردووەتەوە چەک دابنێن و داماڵینی چەکەکانیان دەبەستنەوە بە چوونەدرەوەی تەواوەتیی هێزە بیانییەکان لە عێراقدا، بە جۆرێک کە وادەی ٣٠ی ئەیلول تەنها بۆ پرسی چەک نییە، بەڵکو هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراقدا.