ڕۆژی سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، دۆخی ئەمنیی هەرێمی کوردستان و هێرشەکانی ئەم دواییەی شارۆچکەی پیرمام، بووە تەوەرەی سەرەکیی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تاوتوێی ئەو هێرشە درۆنییانە کرا کە کرانە سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام. لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرکۆنەی توندی ئەو پەلامارانەی کرد و ڕایگەیاند کە ئەم دەستدرێژییانە لێدانە لە سەقامگیریی گشتیی عێراق، هاوکات دووپاتی کردەوە کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە تەواوی سیستەمی ئاسایشی نیشتمانیی وڵات.
هەر لە میانەی گفتوگۆکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی دەوڵەت کردەوە لە ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دەستدرێژی و پێشێلکارییەک بۆ سەر خاکی عێراق، هاووڵاتییان و دامەزراوە فەرمییەکان، ئاماژەی بەوەش دا کە دەسەڵاتی فیدراڵی لە پاراستنی سەروەری و ئارامیی وڵاتدا بێدەنگ نابێت. هەروەها ڕایگەیاند دەزگا پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون لێکۆڵینەوەی ورد لە بارودۆخ و چۆنیەتیی هێرشەکان دەستپێبکەن تاوەکو ئەنجامدەران و بەرپرسانی پشت ئەو کردەوانە ڕووبەڕووی یاسا و دادگا بکرێنەوە.
لای خۆیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد بۆ بەدواداچوونی ڕووداوەکە و دەستپێشخەرییەکەی لە ڕێگەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە. سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە پێویستی و گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیی پتەوی نێوان هەولێر و بەغدا کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە ئەمنییەکان، بەهێزکردنی سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵات و دەستەبەرکردنی پارێزراویی گیانی هاووڵاتییان.