کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق لە ڕێگەی ئەمینداری گشتیی خۆیەوە، ئەبو مجاهید عەساف، هەڵوێستی فەرمیی خۆی سەبارەت بە دەستبەرداربوون لە چەک و ڕێکخستنەوەی دۆسیەی ئەمنی ڕاگەیاند و هاوکات ڕەخنەی توندی ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.
ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، "مقاومەی ئیسلامی" هەر جۆرە لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوەیەک لەگەڵ حکومەت بۆ چارەسەری پرسی چەک، بەستووەتەوە بە جێبەجێکردنی سێ مەرجی سەرەکی:
- مەرجی یەکەم: کشانەوەی تەواوەتی و ڕاستەقینەی هێزەکانی ئەمریکا لە سەرجەم خاکی عێراق و ئاسمانی وڵاتدا بە گەرەنتیی نەگەڕانەوەیان، لەگەڵ ڕزگارکردنی بڕیاری سیاسی و ئابووریی عێراق لە هەژموونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
- مەرجی دووەم: کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و خاکی عێراق.
- مەرجی سێیەم: هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی هێزەکانی پێشمەرگە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەبو مجاهید عەساف ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی سەرۆکوەزیران گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە ناوبراو پشتی بە لایەنەکانی دیکە و تۆم باراک، نێردەی ئەمریکی بەستووە و گوێی بە ئامۆژگارییە سیاسییەکان نەداوە. عەساف روونیکردەوە کە گرووپە چەکدارەکان زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ پشوودرێژ بوون بۆ ئەوەی سەرۆکوەزیران مامەڵە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی دۆخی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتیدا بکات.
هەروەها ڕاگەیەندراوەکە دەسەڵاتدارانی بە ئەنجامدانی هەڵکوتانە سەر ماڵان و ترساندنی خێزانی کوژراوان، برینداران و ئەندامانی گرووپە چەکدارەکان تۆمەتبار کردووە و هۆشداری داوە لەوەی کە ئارامگرییان بەرامبەر ئەم ڕێکارانە بەرەو تەواوبوون دەچێت.
لە کۆتاییدا، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حزبوڵا داوای لە لایەنە کاریگەرەکان و کەسایەتییە باڵاکان کرد دەستوەردان بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە ئەمنییەی کە بە وتەی ئەو بەهۆی هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیرانەوە دروست بووە، و هۆشداریشی دا لە مەترسیی تێکچوونی سەقامگیریی وڵات.