ڕۆژنامەی فایننشاڵ تایمز، لە زاری سەرچاوەکانی نزیک لە ڕژێمی ئێرانەوە ئاشکرایکردووە، تاران تاوتوێی بژاردەکانی بۆ بەئامانجگرتنی پێگە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەورووپا کردووە، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بازنەی ڕووبەڕووبوونەوەکان فراوانتر بکات یان هەڕەشەکانی بۆ لێدانی ژێرخانی ئێران جێبەجێ بکات.
ئاوێنە: ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ئێران تاوتوێی ئەگەری وەشاندنی گورزیان لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا کردووە، لە نێویاندا بولگاریا، ئەمەش دوای ئەوەی ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بەکارهێنانی بنکەی ئاسمانیی "بیزمیر" بۆ پرۆسەی سووتەمەنیپێدانی فڕۆکە ئەمریکییەکان.
یەکێک لە سەرچاوەکان ئەوەشی خستەڕوو کە قوبرس - کە لە مانگی ئازاردا بنکەیەکی ئاسمانیی بەریتانی تیایدا ڕووبەڕووی هێرشێکی درۆنی بووەوە - هەروەها خراوەتە نێو لیستی ئامانجە پێشبینیکراوەکان بۆ وەڵامدانەوە، ئەگەر هەر هێرشێکی نوێی ئەمریکی ئەنجام بدرێت.
هەمان ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەش کردووە کە هێزەکانی ئێران بە جیا تاوتوێی بژاردەی بەئامانجگرتنی کێبڵە دەریاییەکانی فایبەر ئۆپتیک (تارە بیناییەکان)یان لە گەرووی هورمز کردووە، ئەگەر هەر پەرەسەندنێک ڕووبدات.
بەپێی ڕۆژنامەکە، سەرچاوەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە وەڵامدانەوەی ئێران - لە ئەگەری بەئامانجگرتنی دامەزراوە هەستیار و ژیارییەکاندا - ملکەچی هیچ کۆتوبەندێک نابێت ئەگەر دەستدرێژییەکی نوێی ئەمریکا ڕووبدات.
"وردترین بۆردومانی مەودا درێژ"
ڕۆژنامەکە لە زاری یەکێک لە سەرچاوە نزیکەکانی ڕژێمی ئێرانەوە گواستوویەتیەوە، ئەو هێرشەی کرایە سەر بنکەیەکی ئەمریکی لە ئوردن و بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی، "وردترین ئۆپەراسیۆنی مەودا درێژ بووە کە ئێران ئەنجامی دابێت"، و توانای وڵاتەکەی بۆ پێكانی ئامانجەکان لە مەودایەکی دوورتر سەلماندووە.
سەرچاوەکە ئەوەشی زیادکردووە کە ئۆپەراسیۆنەکە پەیامێکیشی بۆ ئەورووپا تێدابووە، بەو واتایەی کە خاکی ئەورووپا پارێزراو نییە لە مووشەکەکانی ئێران ئەگەر بازنەی جەنگەکە فراوانتر بێت، هۆشداریشیدا لەوەی کە بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئێران ڕەنگە ململانێکان پەلکێش بکات بۆ تێپەڕاندنی سنوورە هەرێمییەکانی و گەیشتنی بە کیشوەری ئەورووپا.
مانگی ڕابردووش سوپای پاسداران هۆشدارییەکی ئاراستەی شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) کرد لەسەر ئەوەی ڕێگەی بە ویلایەتە یەکگرتووەکان داوە بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا بەکاربهێنێت، و جەختی لەوە کردەوە کە هەر بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئێران بەکاربهێنرێت، دەگۆڕێت بۆ ئامانجێکی ڕەوا.
لە هەڵسەنگاندنێکیشدا بۆ ئەم هەڕەشانە، سیدهارس کۆشاڵ، توێژەر لە پەیمانگای شاهانەی خزمەتگوزارییە یەکگرتووەکان بۆ توێژینەوەی بەرگری و ئەمنی (RUSI) لە لەندەن، ڕایگەیاند کە مەترسیی مووشەکەکانی ئێران بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە ئەورووپا "ڕاستەقینەیە، بەڵام لە ڕووی ئۆپەراسیۆنییەوە بە سنوورداری دەمێنێتەوە".
کۆشاڵ ڕوونیکردەوە کە ئێران توانای بڵاوەپێکردنی مووشەکی بالیستیی مەودا مامناوەندی هەیە، لەوانەش مووشەکەکانی جۆری "شەهاب"، بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا، بەڵام کاریگەریی ئەم سیستەمانە بەپێی زیادبوونی مەوداکان کەمدەبێتەوە، ئەمەش کۆتوبەند دەخاتە سەر توانایان بۆ دروستکردنی زیانی گەورە لە ئامانجە دوورمەوداکاندا.
"دانانی ڕەوتی توندڕەو"
لە هەمان چوارچێوەدا، سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ناوەندە باڵادەستەکان لە تاران هەوڵدەدەن پەیامێکی ڕوون بگەیەننە ڕۆژئاوا بەو واتایەی کە هەر شکستێک لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی سیاسی لەگەڵ ڕەوتی پراگماتیک لەناو ڕژێمەکەدا کە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان نوێنەرایەتی دەکات، ڕەنگە کار بکاتە سەر ئەوەی مامەڵە لەگەڵ کەسایەتییە توندڕەوەکاندا بکرێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ موحسین ڕەزایی، کە لەم دواییانەدا سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی گرتەئەستۆ، ناوبراو لە ساڵی ١٩٨١ وەک فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران کاری کردووە، کە ئەوکات تەمەنی ٢٧ ساڵ بووە و تا ساڵی ١٩٩٧ لەو پۆستەدا ماوەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕابەری باڵای ئێران، ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، هەژموونی ئەو لایەنەی کە ڕۆژنامەکە بە "ڕەوتی توندڕەو" ناوی بردووە لەناو دامەزراوەی ئەمنی و سەربازیدا بەهێزتر کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو چەندین گۆڕانکاری و پلەبەرزکردنەوەی ئەنجامدا کە کەسایەتییە توندڕەوەکانی لە پۆستە باڵا ئەمنی و سەربازییەکاندا گرتەوە.
فایننشاڵ تایمز ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەم پێشبینییانە ڕەنگدانەوەی ئاراستەیەکی لەگەشەسەندووی ناو ڕژێمی ئێرانە بەرەو بەرزکردنەوەی تێچووی هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەگەرکراو لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەمەش لە ناوەڕاستی پەککەوتنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و زیادبوونی گومانەکان لە تاران سەبارەت بە دەرفەتەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی لەگەڵ واشنتن.