مەسروور بارزانی: پشتیوانی زەیدی دەکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چەکداماڵینی میلیشیاکان
  2026-08-20       27       

مەسرور بارزانی نیگەرانی خۆی لە بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەربڕی و پێیوایە کوردستان لەبەردەم هەڕەشەدایە و جەختیشیکردەوە کە لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ملکەچکردنی گروپەکان بەیاسا و لەچەکداماڵینیاندا، پشتیوانی لە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر دەربارەی هێرشەکەی ئەمدواییەی کە بە درۆنی ئێرانی کرایە سەر نووسینگەکەیە ڕایگەیاند، ئێمە هیچ هەڕەشەیەکمان بۆ سەر ئاسایشی دراوسێکانمان دروست نەکردووە، سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش، وتی، ئەو پرسیارە دەبێت لەوان بکرێت کە بۆچی هێرشمان دەکەنە سەر.

ڕوونیشیکردەوە، هەوڵەکان تەنیا بۆ ترساندنی هەرێمی کوردستانە و دەیانەوێت کوردستان ڕابکێشنە ناو ململانێکەوە کە کورد بە توندی دژایەتی دەکات، سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی بەرپرسیارێتی لەلایەن ئێرانەوە، سەرۆک وەزیران وتی، پێموایە دەبێت بەرپرسانی ئێران خۆیان لێکۆڵینەوە بکەن چۆن ئەو جۆرە فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە تەنیا لەلای ئەوان هەیە، لەلایەن کەسانی دیکەوە بۆ هێرشکردنە دەرەوەی وڵاتەکەیان بەکاردەهێنرێت.

مەسرور بارزانی، نیگەرانی خۆی لە کشانەوەی هێزەکانی مەشق و ڕاهێنانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و گواستنەوەی سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت دەربڕی و ڕایگەیاند، نەمانتوانیوە ئەو سیستمە کاریگەریانە بەدەستبهێنین کە دەتوانن لەو هەڕەشانە بمانپارێزن، بەڵام هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی ئەو توانایانە بەردەوامن، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد ئێستا پشت بەو پاڵپشتییانەی دۆستە ئەمریکییەکان دەبەستن کە سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندنی زۆربەی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.

جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسیدایە و مانەوەی هێرشەکان قبووڵکراو نییە، بۆیە داوای لە هەموو دۆستانی هەرێمی کوردستان کرد هاوکارییان بکەن بۆ بنیادنانی ئەو توانا بەرگرییانە.

پەیوەست بە دۆخی سیاسی عێراق، مەسرور بارزانی، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەرکردەیەکی ڕاستگۆ و دۆست وەسف کرد کە کار بۆ بەرژەوەندی وڵاتەکە دەکات و ڕایگەیاند، پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ ئەو دەربڕیوە لە کارەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هێنانەدی سەروەری یاسا و چەکداماڵینی میلیشیاکان.

سەبارەت بە دواکات کە زەیدی بۆ چەکداماڵینی میلیشیاکان لە 30ـی ئەیلول دیاریی کردووە، سەرۆک وەزیران هیوای خواست ئەو گرووپە چەکدارانە پێش ئەو وادەیە پابەند بن. وتیشی، پێموانییە کەس بیەوێت ململانێی سەربازی یان هەر جۆرە ئاژاوەیەک لە وڵاتدا ببینێت، بەڵام پێویستە حکوومەت ئەوەی پێویستە بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و سەروەری و بەرگری لە وڵات جێبەجێی بکات.

مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد، هەمیشە پرسەکانی عێراق بە دۆخی ئێرانەوە دەبەسترێنەوە، بەڵام پێویستە عێراقییەکان بەرژەوەندی نیشتمانی و ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەیان لەپێشینە دابنێن، بەبێ ئەوەی کاریگەری ململانێکانی ئێران لەبەرچاو بگرن. هاوکات پاڵپشتی خۆی بۆ هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەقامگیری ناوچەکە و هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەتایبەت لە کەرتی نەوتدا دووپات کردەوە.

سەبارەت بە دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: ڕایگەیاند دەستی دۆستایەتی بۆ هەمووان درێژ دەکەم و داوا دەکەم بێن و بەشدار بن بۆ پێکهێنانی حکوومەت، کە ئەمە لە بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستاندایە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێمە پاڵپشتی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەین، بەڵام هیوادارین ئەو کشانەوەیە بۆشایی ئەمنی لە ناوچەکەدا دروست نەکات. ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییە بەهێزەکانمان لەگەڵ ئەمریکا لە دەرەوەی هاریکارییە سەربازییەکان فراوان بکەین و هەرێمی کوردستان وەک متمانەپێکراوترین و دڵسۆزترین هاوبەشی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.

زۆرترین بینراو
بومەلەرزە سیاسییەکەی تورکیا: باخچەلی لە نەیاری سەرسەختەوە بۆ پێشنیازکاری ئازادکردنی ئۆجەلان
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: یاسای نوێ بە هیچ شێوەیەک لێخۆشبوونی گشتی نییە و سەرکردەکانی پەکەکە ناگرێتەوە
ئاگادارییه‌ك له‌ ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی عێراق بۆ به‌كارهێنه‌رانی كۆڕه‌ك تیلیكۆم
هۆشداری لە دۆخی دەرونیی لاهوور شێخ جەنگی دەدرێت
دادگای فیدراڵی سكاڵایه‌كی له‌دژی راگرتنی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ره‌تكرده‌وه‌
دەستگیرکردنی بەرپرسێکی هەواڵگری حەشدی شەعبی دۆخێکی ئەمنی ئاڵۆز دروست دەکات
رۆبه‌رتۆ كارلۆس ده‌نگۆی موسڵمانبونی ره‌تده‌كاته‌وه‌
نامۆ فازیڵ لە یارییەکی MMAدا بەرامبەر ڕکابەرە بەڕازیلییەکەی تووشی شکست هات
ئێران پەیامێکی تووند دەداتە ڕۆژئاوا: لە ئەگەری فراوانبوونی جەنگ، مووشەکەکانمان دەگەنە ئەوروپا
شارەزایەکی ئابوری: لابردنی سفرەکانی دیناری عێراقی گوزەرانی هاوڵاتیان ناگۆڕێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×