لە کاتێکدا کاتژمێری سیاسی لە بەغدا بەرەو وادەی یەکلاکەرەوەی ٣٠ی ئەیلوول هەنگاو دەنێت، پرسی چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان و سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، پێ دەنێتە قۆناغێکی هەستیار و بێپێشینە. هاتنی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ بەغدا، بە ڕواڵەت لە چوارچێوەی کاری دیپلۆماسیی پەرلەمانیدا بوو، بەڵام ناوەڕۆکی جووڵە و دیدارەکانی پەردەی لەسەر ئامانجێکی ئەمنیی قووڵ لادا: ڕزگارکردنی گرووپە هاوپەیمانەکانی تاران لە بەردەم گوشارەکانی واشنتن و سووربوونی حکوومەتی عێراق لەسەر سەپاندنی یاسا.
سێ پێشنیازی تاران بۆ دەرربازبوون لە پێکدادان
ئاوێنە: قالیباف سەردانەکەی لە بەردەم مۆنۆمێنتی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەستپێکرد، لەوێشەوە پەیامی بەهێزی بەرگریی دووپات کردەوە. بەڵام لە پشت دەرگا داخراوەکاندا، دۆسیەیەکی تەواو جیاواز لەسەر مێزی گفتوگۆ بوو.
بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان کە لە سەرچاوە سیاسییە باڵاکانەوە دەست ڕۆژنامەی «شەرقولئەوسەت» کەوتوون، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سێ بژاردەی خستووەتە بەردەم دەسەڵاتدارانی بەغدا بۆ ڕێگری لە هەر پێکدادانێکی چەکداری:
گواستنەوەی چەکی قورس بۆ ئێران: گواستنەوەی بەشێکی زۆری چەکە پێشکەوتوو و قورسەکان بۆ ناو خاکی ئێران وەک «ئەمانەت» بە شێوەیەکی کاتی، تا ئەو کاتەی چارەنووسی سیاسیی گرووپەکان یەکلا دەبێتەوە.
سڕکردن و شاردنەوەی چەکەکان: هەڵگرتنی چەکەکان لە ناوچە و پێگەکانی خودی گرووپەکان، بەبێ ئەوەی ڕادەستی دەوڵەت بکرێن، بە مەرجێک هیچ نمایش و بەکارهێنانێکی سەربازییان بۆ نەکرێت.
درێژکردنەوەی وادەی دیاریکراو: دواخستنی وادەی کۆنترۆڵکردنی چەک بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە، بە پاساوی پێدانی دەرفەت بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک لە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن.
ئەم جووڵەیەی قالیباف دوای ئەوە هات کە گرژییەکان گەیشتنە لووتکە؛ بەتایبەت دوای دەستگیرکردن و پاشان ئازادکردنی سەرکردەیەکی بزووتنەوەی نوجەبا، لە پاڵ هێرشی توندی بەیاننامەکانی «کەتائیبی حزبوڵڵا» دژی سەرۆکوەزیران کە تێیدا ڕادەستکردنی «چەکی بەرگری»یان بە تەواوی ڕەتکردەوە.
هێڵی سووری بەغدا؛ نە پاشەکشە و نە درێژکردنەوە
لە بەرامبەر ئەم پێشنیازانەدا، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە تازە لە واشنتن گەڕاوەتەوە و لە ناوخۆشدا پشتیوانیی دەسەڵاتی دادوەری و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی مسۆگەر کردووە، هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی نیشان داوە.
سەرچاوە حکوومەتییەکان جەخت دەکەنەوە کە زەیدی سەرجەم پێشنیازەکانی بۆ درێژکردنەوە یان سازش لەسەر میکانیزمی چەکداماڵین ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: «هیچ وادەیەک درێژ ناکرێتەوە، بڕیارێکە و لێی پەشیمان نابینەوە».
سەرۆکوەزیران پێیوایە هەر پاشەکشەیەک لە جێبەجێکردنی پلانی ٣٠ی ئەیلوول، کە هاوکاتە لەگەڵ تەواوبوونی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، پێگەی دەوڵەت لاواز دەکات و دەسەڵاتەکانی لە جێبەجێکردنی کارنامەی وەزاری دەسەنێتەوە. بەغدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە هیچ جۆرێک ناچێتە ناو شەڕە قسە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵنەسەنگێندراو، بەڵام سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بارەگا ساختەکان و کۆکردنەوەی تەواوی چەکەکان لە ژێر چەتری فەرمیی دەوڵەتدا.
چەقبەستوویی لە نێوان یاسا و پاراستنی هەژمووندا
دۆخەکە هاوپەیمانە نێوخۆییەکانی تارانی لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا خستووەتە بەردەم قورسترین تاقیکردنەوە؛ لە نێوان مەترسیی ڕوودانی پێکدادانی شیعی ـ شیعی لە لایەک، و کەوتنە ژێر باری بڕیارەکانی دەوڵەت و گوشارە نێودەوڵەتییەکان لە لایەکی دیکە.
ئێستا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا پێداگریی بەغدا لەسەر سەروەریی یاسا، تاران ناچار دەکات بە تەواوی دەستبەرداری چەکی قورسی گرووپە هاوپەیمانەکانی ببێت، یان ڕۆژانی پێش ٣٠ی ئەیلوول دەرگای ئەگەری دیکەی نەخوازراو لە گۆڕەپانی ئەمنیی عێراقدا واڵا دەکەن؟