ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، هەڵوێستی فەرمی پارتەکەی لەسەر پرسەکە راگەیاند و پشتڕاستی کردەوە کە پشتیوانییەکانیان بۆ یاساکە لەسەر بنەمایەکی رەوشتی و نەتەوەییە، چونکە ناتوانن دژی هەنگاوێک بوەستنەوە کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بێت بە جەنگ و گواستنەوەی کێشەکان بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان.
ئاوێنە: سەبارەت بە مەترسییەکانی بە سیاسی کردنی پرۆسەکە، ئۆزەل هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کرد و جەختی لەوە کردەوە، نابێت ئەو پشتیوانییە فراوانەی لایەنەکان بۆ یاساکە هەیانە، وەک دەرفەتێک بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور و پاوانکردنی دەسەڵات لە پێناو بەرژەوەندی کەسەکاندا بەکاربهێنرێت. ناوبراو رەخنەی توندی لە هەڵسوکەوتی دەسەڵات گرت و ئەوەی خستەڕوو کە حکوومەتێک رێز لە دەستووری کارپێکراو نەگرێت و بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ نەکات، رەوایی ئەوەی نییە باس لە نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بکات.
سەبارەت بە ئامانجی ستراتیژیی پارتەکەی لەم قۆناغەدا، سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان تەنیا بێدەنگکردنی چەکەکان نییە، بەڵکوو دەبێت راستەوخۆ لە دوای چەکدانانی پەکەکە، هەنگاوی کرداری و رژد بۆ "دیموکراسیزەکردنی تورکیا" بنرێت، و دووپاتیشی کردەوە کە پارتەکەی بە وردی چاودێری جێبەجێکردنی ئەم قۆناغە هەستیارە دەکات.
یاسای چوارچێوەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە رۆژی 10ـی ئابی 2026 لە پەرلەمانی تورکیا پەسەندکرا، کە ناوەڕۆکەکەی تایبەتە بە چارەنووسی ئەو چەکداران و لایەنگرانەی پەکەکە کە ئامادەن چەک دابنێن. بەگوێرەی ماددەکانی یاساکە، دەستپێکردنی هەنگاوەکان مەرجدارە بەوەی کە دەزگاکانی ئاسایش پشتڕاستی بکەنەوە پەکەکە و رێکخراوە پەیوەندیدارەکانی کۆتاییان بە چالاکییەکانیان هێناوە و چەک و تەقەمەنییەکانیان بە تەواوی رادەست کردووە.
بنەمای دەستپێکردنەوەی ئەم هەوڵانە بۆ مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2024 دەگەڕێتەوە، کاتێک دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێشنیازی کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێتە پەرلەمانی تورکیا و خۆی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیەنێت. دواتر لە مانگی شوباتی ساڵی 2025، ئۆجەلان بانگەوازی بۆ چەکدانان و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری کرد، و پاشان لە تەممووزی هەمان ساڵدا، ژمارەیەک لە گەریلاکانی پەکەکە بە شێوەیەکی رەمزی چەکەکانیان سووتاند و پاشەکشەیان لە چەندین پێگەی سەربازی دەستپێکرد.