بڕیارە لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجومەنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، پڕۆژە بڕیارێک لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا)وە بخرێتە ڕوو، کە ئامانجی سەرەکییەتی دۆسیەی پەرەپێدانی ئەتۆمیی تاران ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکاتەوە. سەرەڕای بەردەوامیی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان لەسەر داڕشتنی وردەکارییەکانی ئەم پڕۆژە بڕیارە و هێشتا بەفەرمی پێشکەش نەکردنی، بەڵام ئەم هەوڵە وەک درێژەپێدانی بڕیارەکەی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردووی ئاژانس لێکدەدرێتەوە، کە تێیدا جەخت لەسەر ئەوە کرابوو کە ئێران بەهۆی هاوکارینەکردنی لەگەڵ لێکۆڵینەوەکان لەسەر پاشماوەی یۆرانیۆمی دۆزراوە لە شوێنە نەناسراوەکان، پابەندبوونەکانی پێشێل کردووە.
ئاوێنە: لای خۆیەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕیوە لەوەی کە ئێران تا ئێستا رێگەی بە پشکنەرەکانی نەداوە بگەڕێنەوە ئەو شوێنە بۆمبارانکراوانە و وردبین لە چارەنووسی پاشماوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکانی بکەن، بەتایبەت ئەو بڕە پیتێنراوەی کە ڕێژەکەی نزیکە لە ئاستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی (٦٠٪). بەپێی خەمڵاندنەکانی ئاژانس، پێش هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە هاوینی ٢٠٢٥، تاران خاوەنی نزیکەی ٤٤٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی ٦٠٪ بووە، و پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ٢٠٠ کیلۆگرام لەم ماددە هەستیارە لەناو تونێلەکانی ئەسفەهان و دامەزراوەی نەتەنزدا لە هێرشەکان دەرباز بووبێت.
لە بەرامبەر ئەم فشارە نێودەوڵەتیانەدا، حکومەتی ئێران جەخت لەسەر مافی ڕەوای خۆی دەکاتەوە لە بەکارهێنانی ئاشتیانەی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم بەپێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT)، و ڕەتیدەکاتەوە کە هیچ کاتێک هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی داوە یان دەدات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەستنیشانی دەکات کە تاران تاوانبەرترین وڵاتە کە خەریکی پیتاندنی بەرزە بەبێ ئەوەی خاوەنی چەکی ناوەکی فەرمی بێت، ئەمەش دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزییەکی نوێی سیاسی و یاسایی دەبات لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.