فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە وەڵامی هاویشتنی مووشەکی بالیستیک لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ سەر دوو کەشتیی جەنگیی ئەمریکا، سێ کەشتیی نەوتهەڵگری گەورەی ئێرانیان لە ئاوەکانی کەنداو و دەریای عومان بە تەواوی تێکشکاندووە و پەکخستووە.
ئاوێنە: لەمیانی راگەیەندراوێکدا سێنتکۆم دەڵێت "ئەمڕۆ شەممە 5ـی ئەیلوولی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران لە رێگەی چەندین مووشەکی بالیستیکەوە هێرشی کردووەتە سەر دوو کەشتیی جەنگیی هێزی دەریاییی ئەمریکا کەلە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر و کەشتییەکی تێکشکێنەری مووشەکی ئاراستەکراو پێکهاتبوون و لەکاتی ئەنجامدانی دەوریەی سەربازی لە ئاوەکانی ناوچەکەدا بوون".
ئەو فەرماندەیییە زیاتری ئاشکراکرد و رایدەگەیەنێت "کەشتییە جەنگییەکانیان بە سەرکەوتوویی خۆیان لە هێرشە بێپاساوەکانی ئێران پاراستووە و هیچ زیانێکی گیانی لە ریزەکانی سەربازانی ئەمریکیدا تۆمار نەکراوە".
لە کاردانەوەی ئەم هێرشەدا، هێزەکانی سێنتکۆم کەشتیی نەوتهەڵگری (M/T Downy)ـی سەر بە سوپای پاسدارانیان لە کەناراوەکانی دوورگەی خارک و کەشتیی نەوتهەڵگری (M/T Stark 1)ـیان لە نزیک شاری جاسک بۆ هەمیشە لەکارخست و پەکیانخست. هەروەها لە دەریای عومان، هێزەکانی ئەمریکا کەشتیی نەوتهەڵگری بەتاڵی (M/T Kylo)یان کە بە "نۆکسن"یش ناسراوە، دوای ئاگادارکردنەوەی دەستەی کەشتییەکە بۆ بەجێهێشتنی، لە چەندین شوێنی هەستیارەوە بۆردوومان کرد و بە تەواوی لەناویان برد.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، ئەم سێ کەشتییە بەشێک بوون لە تۆڕێکی داراییی سێبەری چەندین ملیار دۆلاری کە داهاتەکەی بۆ سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی سەربە ئێران لە ناوچەکەدا دابین دەکرا و تاران هیچ توانایەکی نییە بۆ پاراستنیان.
لایخۆشیەوە براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند "با ئەم پەیامە بۆ سوپای پاسداران زۆر روون بێت؛ ئەگەر ئێوە تەقە لە دوو کەشتیی ئێمە بکەن، ئەوا ئێمە باجێکی ئابووریی زۆر قورستان بەسەردا دەسەپێنین و سێ کەشتیی ئێوە لەناودەبەین. ئێمە لە بەرگریکردن لە هێزەکانی ئەمریکا دوودڵ نابین، و ئەگەر پێویست بکات سەرجەم ئەو کەشتیگەلە نەوتییە سنووردار و بێبەرگرییەی ئێران بە تەواوی تێکدەشکێنین".