وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: تا ئەو کاتەی حزبوڵڵا بە تەواوی چەک ناکرێت لە باشووری لوبنان ناکشێنەوە
  2026-09-06       45       

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یسرائیل کاتس، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا مەرجی کشانەوەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیلی لە باشووری لوبنان ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، تا ئەو کاتەی حزبوڵڵا بە تەواوی چەک ناکرێت، هیچ کشانەوەیەک لەو «ناوچە ئەمنییە»ی لە لوبنان دیاریکراوە، ئەنجام نادرێت.

ئاوێنە: ​ئەم لێدوانەی کاتس هاوکات بوو لەگەڵ پێشڕەوییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا؛ ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کۆنترۆڵکردنی بەرزایییەکانی «عەلی ئەلتەهیر» هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردن و چەسپاندنی دەسەڵاتی ئەمنی بەسەر باشووری لوبناندا. بە وتەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، پێشڕەوی هێزەکانیان بۆ ئەو بەرزایییە دوای ئەوە هاتووە کە زانیاریی هەواڵگرییان دەستکەوتووە لەبارەی بوونی تونێلی فەرماندەیی سەربازی لەو شوێنەدا.

​پێشهاتە سیاسی و لێدوانە فەرمییەکان هاوکاتن لەگەڵ گرژییە مەیدانییەکان؛ سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە هێرشە ئاسمانییە نوێیەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان لە وەڵامی هەڵدانی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حزبوڵڵا بووە بەرەو پێگەی هێزەکانی لە ناوچە ئەمنییەکە. هەروەها لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل هۆشداریی بە دانیشتووانی چەند باڵەخانەیەک داوە لە شارۆچکەی عەرەبسالیم تا دەستبەجێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

​لە ئێستادا بەشێکی بەرفراوان لە خاکی باشووری لوبنان لەژێر کۆنترۆڵی سەربازیی ئیسرائیلدایە. تەلئەڤیڤ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بە درێژایی سنوورەکانی «ناوچەیەکی ئەمنی» بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لە ناو خاکی لوبناندا دروستکردووە، هاوکات لەگەڵ ئەم ڕێوشوێنانە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی و تەقاندنەوە و ڕووخاندنی بەرفراوانی باڵەخانە و خانووەکان لەو ناوچانەی دەستی بەسەردا گرتوون.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×