ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، گەمارۆی دەریاییی ئەمریکا وردە وردە گرنگترین سەرچاوەی داهاتی دراوی بیانیی تاران لەناو دەبات. بەپێی داتاکانی کۆمپانیای "کێپلەر"، لەوەتەی لەناوەڕاستی مانگی تەممووزدا گەمارۆ دەریایییەکان دەستپێکردووەتەوە، هیچ بارێکی نوێی نەوتی ئێران نەیتوانیوە لەو ناوچەیەدا تێپەڕێت.
ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، یەدەگی نەوتی ئێران کە بۆ چین تەرخانکراوە لەناوەڕاستی مانگی تەمموزەوە لە ٩٠ ملیۆن بەرمیل نەوەتەوە بۆ ٢٩ ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە.
وۆڵ ستریت ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەر ڕۆژانە گەیاندنی نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل بەردەوام بێت، پێدەچێت ئەو یەدەگانە تا ناوەڕاستی تشرینی یەکەم تەواو ببن، هەروەها ڕەنگە پارەدان بۆ بارە پێشووەکانیش تا ناوەڕاستی کانوونی یەکەم ڕابگیرێت.
ئاشکراشیکردووە، ئێران لە مانگی ئابدا ڕۆژانە نزیکەی ٢٥٥ هەزار بەرمیل نەوتی بار کردووە؛ ئەمەش ڕێژەی ٨٥٪ کەمترە لە تێکڕای مانگەکانی شوبات تا نیسان.
هاوکات راشیگەیاندووە کە گواستنەوەی زەمینی جێگرەوەیەکی کاریگەر نییە، چونکە توانای هەناردەکردنی نەوت بە بارهەڵگر و شەمەندەفەر لە ٤٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە تێپەڕ ناکات؛ لەکاتێکدا هەناردەی نەوتی ئێران پێش هەڵگیرسانی شەڕ، نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا.
لە لایەکی ترەوە، هەناردەی بەرهەمە پترۆکیمیایییەکان کە دووەم سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی دراوی بیانیی ئێرانە، بە ڕێژەی نزیکەی دوو لەسەر سێ کەمی کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو فشارە داراییانەی کە بەهۆی گەمارۆکەوە دروست بوون. هاوکات بووە لەگەڵ هەڵاوسانی سەروو ٨٠٪ و داڕمانی بەهای ڕیاڵ؛ هاوکات سندوقی نێودەوڵەتیی دراویش پێشبینی دەکات کە ئابووریی ئێران بە ڕێژەی ٥.٤٪ پاشەکشە بکات.