لە کاتێکدا واشنتۆن پشتیوانی لە سەقامگیریی حکومەتەکەی عەلی زەیدی دەکات، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەدیهێنانی هاوبەشییەکی بەردەوام مەرجی بەستراوە بە هەنگاوی کرداری لە دۆسیە ئەمنی و ئابورییە هەستیارەکاندا.
ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (عەرەبی جەدید)، ستێفن فاگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری نوێی ئەمریکا لە بەغدا، لە زنجیرەیەک کۆبوونەوەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، هەڵوێستی فەرمی واشنتۆنی سەبارەت بە دۆسیە هەستیارەکانی نێوان هەردوو وڵات خستووەتەڕوو. ناوەرۆکی پەیامەکەی ئەمریکا جەخت لەسەر چەند تەوەربەرێکی سەرەکی دەکاتەوە:
دۆسیەی چەک و دامەزراوەی سەربازی
واشنتۆن دەیەوێت بزانێت تا چەند حکومەتی عێراق توانای ڕاستەقینەی هەیە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لە بارەی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە خۆی. ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم پرۆسەیە دەبێت لە ڕێڕەوێکی دامەزراوەیی و یاساییەوە تێپەڕێت، نەک تەنها پشتبەستن بە تێگەیشتنێکی سیاسی و کاتی لەگەڵ هەندێک لە گرووپە چەکدارەکاندا.
چاودێریی ئابوری و سزاکانی سەر تاران
واشنتۆن بە وردی چاودێری سروشتی مامەڵە دارایی و ئابورییەکانی نێوان عێراق و تاران دەکات. هەڵوێستی ئەمریکا ئەوەیە کە ڕێگە نادات خاک یان دامەزراوەکانی عێراق ببنە پردێک یان رێگەیەک بۆ دەربازبوونی ئێران لەو سزا ئابورییانەی کە لەلایەن ئەمەریکاوە بەسەریدا سەپێنراون.
ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی
لە تەوەری گەندەڵی دارایی و کارگێڕیدا، ئەمریکا داوای رێکاری فراوانتر و جددیتر دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە پرۆسەی لێپرسینەوە نابێت تەنها لە فەرمانبەرە پلە نزمەکاندا کورت بکرێتەوە، بەڵکو دەبێت ڕەهەندی گەورەتر بەخۆوە بگیرێت.
پەیوەندی لەگەڵ حکومەتەکەی عەلی زەیدی
لە کۆبوونەوەکانی فاگن لەگەڵ عەلی زەیدی، کە ڕەهەندێکی سیاسی و ئەمنی فراوانی هەبووە، دەرکەوتووە کە واشنتۆن هێشتا بە ئەرێنییەوە دەڕوانێتە حکومەتەکەی و پشتیوانی لە سەقامگیرییەکەی دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، واشنتۆن ئەم پشتیوانییە بە هەنگاوی کرداریی حکومەتی عێراق لە دۆسیە بنەڕەتییەکانەوە دەبەستێتەوە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات.