دواى ئەو هێرشانەی لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا بۆ سەرسعوودیە ئەنجام دراون، وەزیری بەرگری پاکستان هەڕەشەی لە گرووپی حوسی کرد و وتى: هەر دەستدرێژییەکی چەکدارانە بۆ سەر شانشینەکە، بۆ سەر ڕێککەوتنی بەرگری هاوبەشی نێوان پاکستان، سعوودیە و تورکیایە کە بە “ڕێککەوتنی مەککە” ناسراوە.
ئاوێنە: خواجە ئاسیف وەزیری بەرگری پاکستان سەبارەت بە هێرشەکانى حووسییەکانى یەمەن بۆ سەر سعوودیە و هەڕەشەى کاراکردنەوەى ڕێککەوتنمەى مەککە، بۆ میدیاکانى وڵاتەکەى ڕایگەیاند، هەر دەستدرێژییەکی چەکدارانە بۆ سەر سعوودیە، ڕێککەوتنی بەرگری هاوبەشی نێوان پاکستان، سعوودیە و تورکیا کە بە “ڕێککەوتنی مەککە” ناسراوە، دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، پاکستان بەپێی ڕێککەوتنامەى مەککە پابەندە بە پێشکەشکردنی هاوکاری بە شانشینەکە، و دەبێت هیچ کەسێک گومانی لەوە نەبێت.
ئاماژەى بەوەشکرد، ڕێککەوتنی بەرگری هاوبەشی مەککە جەخت لەوە دەکاتەوە هەر دەستدرێژییەکی چەکدارانە بۆ سەر یەکێک لەو سێ وڵاتە بە دەستدرێژی بۆ سەر هەموویان هەژمار دەکرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پابەندبوونی وڵاتانی واژووکەر بە جووڵە و وەڵامدانەوە لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی هێرش بۆ سەر هەر یەکێکیان.
جێگەى ئاماژەیە، ڕێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگری هاوبەش لە نێوان سعوودیە، پاکستان و تورکیا لە٧ـی ئابی ئەمساڵ لە شاری مەککە واژۆ کرا.
پێشتر ئەم ڕێککەوتنە لە ١٧ـى ئەیلوولی ٢٠٢٥ لە نێوان سعوودیە و پاکستان بە شێوەیەکی دووقۆڵی واژۆ کرابوو، بەڵام لە ئابی ٢٠٢٦ـدا تورکیا بە فەرمی بووە بەشێک لە پەیماننامەکە و ناوی نرا “ڕێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگری هاوبەش”.