ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کە لە 35 وڵات پێکهاتوە، بۆ یەکەمجار لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردودا، بەهۆی "پێشێلکردنی" پابەندییەکانی لە بواری ڕێگری‌کردن لە بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمیدا، دۆسیه‌ی ئێرانی ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی کرد، سەرەڕای ئه‌وه‌ی ئێران و ڕوسیا و چین داوایان له ئەنجومەنەکە كردبو ئه‌و هەنگاوە هه‌ڵنه‌گرێت کە لەلایەن ئەمریکا و سێ وڵاتی ئه‌روپییەوە پێشنیاركرابو.
ئاوێنه: بەپێی ئاژانسی ڕۆیته‌رز، ئەم بڕیارە درێژەپێدەری بڕیارێکی پێشوە کە لە 12ی حوزەیرانی ساڵی ڕابردودا پەسەندکرا؛ واتە تەنیا ڕۆژێک پێش ئەوەی ئیسرائیل دەستبکات بە بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و دوای ماوەیەکی کەمیش ئه‌مریكا ده‌ستی به هێرشه‌كان بۆ سه‌ر ئێران كرد.
سەرەڕای ئەوەی كه به‌دور ده‌زانرێت ئەنجومەنی ئاسایش ڕێکاری کردەیی دژی ئێران بگرێتەبەر، چونکە ڕوسیا و چینن ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنەکەن و مافی ڤیتۆیان هەیە، بەڵام ئەم هەنگاوە بریتییە لە ئاڵۆزتركردنی بەرەنگاربونەوەی دیپلۆماسیی نێوان ئێران و زلهێزەکانی ڕۆژئاوا. رۆژی دوشەممەش ئێران هۆشدارییدابو لەوەی ئەگەر بڕیارەکە پەسەندبکرێت، وەڵام دەداتەوە.
به‌ر له‌وه‌ی ده‌نگ له‌سه‌ر بڕیاره‌كه بدرێت، ئێران و ڕوسیا و چین لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسه‌كه‌دا ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان دەرکرد کە تێیدا ڕەشنوسی بڕیاره‌كه‌یان به‌دور لە بنەمای یاسایی و پێچەوانەی بانگه‌شه‌ی پابه‌ندبون بە دیپلۆماسییه‌ت ناوبرد‌و دا‌واشیان لە وڵاتانی ئەندام کرد پشتگیری لە ڕەشنوسی ئەو بڕیاره‌ی دژبه ئێران نه‌كه‌ن.
ره‌شنوسی پڕیاره‌كه لەلایەن ئەمریکا و سێ وڵاتە ئه‌وروپی (ئەڵمانیا، فه‌ره‌نسا و بەریتانیا) پێشكه‌ش كرابو.
هه‌ندێك له به‌شدارانی کۆبونەوە داخرابووەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بە ئاژانسی ڕۆیته‌رزیان ڕاگەیاندوە کە ره‌شنوسی بڕیاره‌كه بە زۆرینەی 23 دەنگی بەڵێ، 3 دەنگی نەخێر و 8 دەنگی بێلایەن پەسەندکراوه. ئاماژەشیان بەوەداوه کە ئەو وڵاتانەی دژی بڕیارەکە بون بریتیبون لە ڕوسیا، چین و نه‌یجەر.
هه‌ر له‌دوای په‌سه‌ندكردنی بڕیاره‌كه، نوێنه‌ری ئێران له ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم رایگه‌یاند، ئه‌م بڕیاره هیچ بنه‌مایه‌كی یاسایی نییه‌و هیچ ئه‌نجامێكیشی نابێت.
هاوكات ئیسماعیل به‌قایی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، ئێران پێشێلی هیچ یه‌كێك له پابه‌ندییه‌كانی خۆی نه‌كردوه.
وتیشی، ئه‌گه‌ر ئاژانسه‌كه یه‌ك كه‌م دادپه‌روه‌رانه مامه‌ڵه‌ی بكردایه ده‌بوایه ده‌ستدرێژییه‌كان ئه‌مریكاو ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران ئیدانه بكات.
به‌قایی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، نزیكی یه‌ك له‌سه‌ر سێی وڵاتانی ئه‌ندام له ئاژانسه‌كه دژ یاخود ده‌نگیان له‌سه‌ر بڕیاره‌كه نه‌دا.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئه‌نجامی ده‌نگدانه‌كه نیشانده‌ری گوشاری ئه‌مریكا و وڵاته ئه‌وروپییه‌كانه له‌سه‌ر هاوپه‌یمانه‌كانیان.
جه‌ختیشی كرده‌وه، ئه‌نجامی ئه‌م ره‌فتاره هیچ نابێت جگه له به سیاسیكردنی ئاژانسه‌كه‌و تێكدانی بنه‌ماكانی ڕێگری‌کردن لە بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمی.