وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل هۆشدارییەکی نوێی ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد سەبارەت بە لێکەوتەی هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە دژی خاکی وڵاتەکەی.
ئاوێنە: لەو چوارچێوەیەدا، ییسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هەر هێرشێک لە لایەن ئێرانەوە بکرێتە سەر ئیسرائیل—لە ژێر هەر پاساوێکدا بێت و لە هەر شوێن و جوگرافیایەکەوە ئەنجام بدرێت—ڕووبەڕووی وەڵامدانەوەیەکی توند، یەکلاکەرەوە و بێپێشینە دەبێتەوە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە ڕوونی ئاماژەی بە سروشتی ئەو وەڵامدانەوەیە کرد و ئاشکرای کرد کە ئامانجە ستراتیژییەکانیان لە ئەگەری هەر هێرشێکدا، کەرتی نەوت و دامەزراوە سەرەکییەکانی وزەی ئێران لەخۆ دەگرێت. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە ئاستێکی بەرزی گرژی و چاوەڕوانیی سەربازیدایە و هەردوولا پەیامی هۆشداریدەر ئاڵوگۆڕ دەکەن.