بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە سوپای وڵاتەکەی دەستی بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنیدا گرتووە کە لە بەرزایییەکانی «عەلی ئەلتەهر» لە باشووری لوبنان دۆزراونەتەوە.
ئاوێنە: ناتەنیاهۆ لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا لە کاتی بەسەرکردنەوەی بنکەیەکی سەربازی لە نزیک ناوچەی «مەتولە» لەسەر سنووری باکووری ئیسرائیل لەگەڵ لوبنان، ڕوونی کردەوە کە کەرەستە دەستبەسەرداگیراوەکان تۆپێکی دژەفڕۆکە، مووشەک، مین و کەلوپەلی کۆمپیوتەری لەخۆدەگرن. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد ئەو چەکانە لە لایەن ئێرانەوە دابین کرابوون و بە درێژاییی ساڵان پارەدار کرابوون، هەروەها جەختی کردەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەیان بردوونەتە دەرەوە و دەستیان بەسەردا گرتوون.
هاوکات، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئاشکرای کرد کە سوپای وڵاتەکەی چەندین تونێلی لە بەرزایییەکانی «عەلی ئەلتەهر» وێران کردووە کە وەک یەکێک لە بنکەکانی هێڵی پێشەوەی حزبوڵڵا بەکاریان دەهێنا. کاتز باسی لەوەش کرد کە ئەم تونێلانە پڕ بوون لە چەک و تەقەمەنی جۆراوجۆر.