سەرۆکی ئەمریکا رایوایە کە هێرشەی سەر بۆری نەوتی سعودیە "لەوانەیە" ئێران بێت، دەشڵێت چونکە "حوسییەکانی یەمەن پێیان ڕاگەیاندین کە نایانەوێت بچنە ناو جەنگ لەگەڵ هێزە ئەمریکییەکان".
ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کەناری سەفەرەکەی بۆ ئیرلەندا، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئێران بە بەرپرسیاری هێرشەکەی سەر هێڵی بۆری نەوتی سعودیە دەزانێت، وتی "پێموایە بەڵێ، لەوانەیە هەر وا بێت".
ترەمپ هەروەها سەبارەت بە حوسییەکانی یەمەن وتیشی "حوسییەکان پەیوەندییان بە ئێمەوە کردووە و نایانەوێت لەگەڵمان بجەنگن. پێیان ڕاگەیاندووین کە نایانەوێت بچنە ناو جەنگ لەگەڵ ئێمە و نایانەوێت ئێمەش شەڕیان لەگەڵ بکەین ".
دەشڵێت "حوسییەکان پێیان باشترە ئەمریکا خۆی لەو شەڕە تێوەنەگلێنێت".
ئەوەش لەکاتێکدایە، سعودیەی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو کە درۆنەکانێک کەلە خاکی عێراقەوە هەڵدرابوون، هێڵی بۆری نەوتی ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوای ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج. بەدوای ئەم هێرشانەش، ڕیاز بڕیاریداوە ئەم ڕێڕەوە گرنگەی گواستنەوەی نەوت بەشێوەیەکی کاتی و وەک هەنگاوێکی پێشگیری، دابخات.
هاوکات بەرپرسانی عێراقیش پشتڕاستیان کردووەتەوە کە هێرشەکان لە خاکی عێراقەوە ئەنجام دراون، بەڵام هێشتا بە شێوەیەکی فەرمی دەستەی هێرشبەر دیاری نەکراوە.