حوسییەکان هێرشێکی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی سعودیە ڕادەگەیەنن
  2026-09-13       68       

لە چوارچێوەی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان هێزەکانی حکومەتی یەمەن و چەکدارانی حوسییەکان، فەریق تارق ساڵح، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن، گەیشتە ڕیازی پایتەختی سعودیە. بەپێی کەناڵی "کۆمار"ی یەمەنی، ئامانج لەم سەردانە تاوتوێکردنی پێشهاتە مەیدانییەکان و هەماهەنگیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانە لەگەڵ هاوپەیمانیی بە سەرۆکایەتیی سعودیە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە حوسییەکان کۆنتڕۆڵی خۆیان بەسەر کەنارەکانی ڕۆژئاوا و گەرووی بابولمەندەبدا فراوانتر کردووە. لەلایەکی دیکەوە، شایع زیندانی، سەرۆک وەزیرانی یەمەن، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیران لە عەدەن ڕایگەیاند کە پاشەکشە مەیدانییەکانی ئەم دواییە بە واتای یەکلابوونەوەی جەنگ نایەت. جەختی لەوەش کردەوە کە پێوەر بۆ سەرکەوتن، توانای دەوڵەتە بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی هێزەکان و پاراستنی دامەزراوەکان.

ئاوێنە: یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لە ڕێگەی چەندین مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کۆگاكانی چەک و ژوورەکانی فەرماندەییان لە بنکەیەکی سەربازی لە پارێزگای شەرورە لە باشووری ڕۆژئاوای سعودیە کردووەتە ئامانج، و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئامانجەکانیان بە وردی پێکاوە.

هێزەکانی حکومەتی یەمەن ڕایانگەیاند کە گورزیان لە حوسییەکان وەشاندووە. لە شاری موخای کەناراوەیی، ماجید نزێلی، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی حکومەت ئاماژەی بە لەناوبردنی کۆبوونەوە و ئامێرە سەربازییەکانی حوسییەکان کرد لەسەر هێڵی (موخا - زوباب) کە ١١ کیلۆمەتر لە شارەکەوە دوورە. لە هەمان کاتدا، لە پارێزگای مەئریب، تۆپخانەکانی ناوچەی سەربازیی حەوتەم و سێیەم، بە هاوبەشی لەگەڵ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و هێزەکانی عەمالیقە، چەندین بنکە و ئۆتۆمبێلی سەربازیی (BMB)ی سەر بە حوسییەکانیان تێکشکاندووە. وتەبێژی هێزە چەکدارەکانیش ئاماژەی بە هێرشی ئاسمانی کرد بۆ سەر ئامانجەکانی حوسییەکان لە ناوچەیەک کە بە "سندووقی کوشتن" ناوی برد.

ململانێکان کاریگەریی قورسیان لەسەر دۆخی مرۆیی دروستکردووە. ئیلیاس موسا، وەزیری ئابووریی جیبۆتی ڕایگەیاند کە تەنها لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا نزیکەی ١٤٠٠ کەس لە یەمەنەوە هەڵاتوون بۆ وڵاتەکەیان کە دەکەوێتە بەرامبەر گەرووی بابولمەندەب. ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) و نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشدارییان داوە لە خێرابوونی قەیرانی ئاوارەبوون، و ئاشکرایان کردووە کە لە مانگی تەمموزەوە زیاتر لە ٧٦ هەزار کەس لە ناوخۆی یەمەن ئاوارە بوون و پێشبینی دەکرێت ژمارەکە بەرزتریش ببێتەوە.

​پوختەی پێشهاتە مەیدانییەکانی ڕۆژی شەممە

- ​بەئامانجگرتنی پێگەکانی حوسییەکان لە نزیک بەندەری موخا.

​- پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی دزەکردن لە پارێزگای لەحج.

- ​داواکاریی بن دەغر لە ئەفسەران و سەربازان بۆ گەڕانەوە بۆ پێگەکانیان دوای لەدەستدانی موخا.

- ​"ئەنجومەنی ڕاگوزەریی باشوور" ئامادەیی خۆی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک دەربڕی.

- ​کوژرانی ٣ ئەندامی یەک خێزان بە گوللەی حوسییەکان لە کاتی ئاوارەبوونیان لە حودەیدە.

- ​هێرشی ئاسمانیی هێزەکانی حکومەت بۆ سەر هێزە پشتیوانییەکانی حوسییەکان لە تەعز و ئیب.

- ​کوژرانی دوو ئەفسەری یەمەنی لە شەڕ و پێکدادانەکانی تەعز.

- ​ڕاگەیاندنی ئامادەباشیی گشتی لەلایەن "بەرگریی جەماوەریی یەمەن"ەوە.

- ​حوسییەکان ڕایانگەیاند کە ناوچەکانیان ڕووبەڕووی ١٢٩ هێرشی ئاسمانی بوونەتەوە.

- ​برینداربوونی دوو کەس لە سعودیە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێکی حوسییەکانەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×