مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، هیچ هۆکارێک نابینێت بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییە فراوانەکان دژی ئێران؛ چونکە بە بۆچوونی ئەو، سزا ئابوورییەکانی واشینتۆن کاریگەرییان هەبووە.
ئاوێنە: مارکۆ ڕوبیۆ ڕۆژی سێشەممە دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی گروپی حەوت (G7) لە پاریس، وتی "پێم راگەیەندراوە کە گوشاری ئابووریی ئەمریکا دژی ئێران ئەنجامێکی باشی هەبووە". بە وتەی ئەو، ئەم گوشارە وایکردووە کە لەئێستادا پێویست بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوان نەبێت.
هەروەها ڕوبیۆ ئاماژەی بەوەکرد کە ئەمریکا لە داهاتوودا گوشاری ئابووریی زیاتر و توندتر دەخاتە سەر ئێران.
ڕوبیۆ هۆشداریشیدا کە ئەگەر ئێران هەنگاوێک بنێت کە ئەمریکا بە پێشێلکردنی هێڵە سوورەکانی دایدەنێت، سوپای ئەمریکا ئامادەیە وەڵامی ئەو هەنگاوە بداتەوە. بەڵام ئەو دیاری نەکرد کە ئەو هێڵە سوورانە چین.\
ئەو وتیشی "دڵنیاین کە ئێران دەیەوێت لەگەڵ ئەمریکا بگاتە ڕێککەوتن، بەڵام تائێستا ئامادەی ئەوە نییە بۆ ئەم مەبەستە هەنگاوی پێویست بنێت".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رونیشیکردەوە "ئەمریکا دژ بە هەبوونی بەرنامەی وزەی ئەتۆمیی ئێران نییە، بە مەرجێک وەک بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتانی دیکە بێت. هەربۆیە واشینتۆن ئامادەیە ئەگەر تاران هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت؛ هەڵوێستی خۆیشی بگۆڕێت!".
لە کۆتاییدا، ڕوبیۆ هۆشدارییەکی دیکەی-دا کە ئەگەر ئێران بڕیار بدات ئاڵۆزییەکان زیاد بکات و هێرش یان هەنگاوی سەربازی ئەنجام بدات، ئەوا ئەمریکا وادەکات رووبەڕووی "نرخێکی زۆر قورس" ببێتەوە.