ڕۆژی سێشەممە، حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان کارەکانیان لە ڕەشنووسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ تەواو کردووە. لەم ڕەشنووسەدا، وردەکارییەکانی پەیوەست بە داهات، خەرجی و قەبارەی کورتهێنانی پێشبینیکراو جێگیر کراون. بۆ یەکەمجاریش لە مێژووی داڕشتنی بودجەی عێراقدا، سیستەمی "بودجەی بەرنامە و ئەدا" بۆ بەشێک لە خەرجییەکان پەیڕەو کراوە، کە بە وتەی ناوبراو هەنگاوێکی نوێیە لە پرۆسەی دارایی وڵاتدا.
ئاوێنە: لە ڕووی سەرچاوەکانی داهاتەوە، وتەبێژی حکومەت ئاشکرای کرد کە پشتبەستن بە سەرچاوەی نوێی وەک پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" و "سندوقی نەوەکان" لە بەرنامەدان، ئەمەش بەمەبەستی بەهێزکردنی ئابووریی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر قەیران و شۆکێکی نەخوازراو کە بەهۆی پشتبەستنی زۆر بە نەوتەوە دروست دەبێت.
لە هەمان کاتدا، بەپێی قسەکانی عەبودی، پێشبینی دەکرێت لە بودجەی نوێدا ڕێژەی داهاتە نانەوتییەکان بگاتە لانیکەم ١٩٪، کە ئەمەش بەرزترین ئاستە لە مێژووی وڵاتەکەدا، بەراورد بە پێش ساڵی ٢٠٢٦ کە لە ١١٪ تێپەڕی نەدەکرد. عەبودی ئەو بەرزبوونەوەیەی گەڕاندەوە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانە: ڕێکارەکانی وشککردنەوەی سەرچاوەکانی گەندەڵی، پەرەپێدانی کارکردنی دیجیتاڵی، بەئەلیکترۆنیکردنی کارەکانی سنوور و توندوتۆڵکردنی پرۆسەی کۆکردنەوەی باج.
سەبارەت بە هۆکارەکانی دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕوونی کردەوە کە پرسەکە تەنها ڕەهەندی تەکنیکی نییە، بەڵکو ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەری هەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە بەردەوامن، دیارترینیشیان پرسی دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستانە.
لەسەر پرسی هەولێر و بەغدا، عەبودی ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو لا لەسەر دۆسیەی گەڕاندنەوەی داهاتی نەوت بەردەوامن. بەپێی ڕەشنووسی بودجەکە، پێویستە بڕی نەوتی نێردراو ڕۆژانە لانیکەم ٤٤٥ هەزار بەرمیل بێت، بەڵام لایەنی کوردی ئاماژە بەوە دەکات کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی لەو بڕە کەمترە.
لە بەرامبەردا، وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرای کرد کە حکومەتی فیدراڵی ڕاپۆرت و زانیاریی لەبەردەستدایە کە دەریدەخەن قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیاترە لەو بڕەی کە هەرێم باسی لێوە دەکات، بەڵام جەختیشی کردەوە کە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆکان هێشتا بەردەوامن.
لەکۆتایی لێدوانەکانیدا، عەبودی دووپاتی کردەوە کە حکومەتی فیدراڵی خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە پاراستن و بەڕێوەبردنی داهاتی گشتیی خەڵکی عێراق، بەتایبەت نەوت و گاز، چونکە بەپێی دەستوور ئەم سامانە موڵکی هەموو عێراقییەکانە و پێویستە تەواوی داهاتەکانی بخرێتە ناو خەزێنەی گشتیی وڵاتەوە. ئاماژەی بەوەش دا کە پرسی داهاتی نەوت و شێوازی گەڕاندنەوەی، ئەو "گرێ سەرەکییە"یە کە ڕێگرە لەبەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی.