دوایین نانی شێوان له‌تاران
گه‌شتی بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی شای ئێران
ئا: سه‌ڵاح سالار
ڕۆژی 16ی كانوونی دووه‌می 1979 محه‌مه‌د ڕه‌زا په‌هله‌وی شاهه‌نشای ئێران‌و فه‌ره‌ح دیبا (فه‌ره‌ح په‌هله‌وی)ی هاوسه‌ری به‌ناوی گه‌شتێكی چه‌ند ڕۆژه‌وه تارانیان به‌ره‌و میسر به‌جێهێشت. ئه‌وه دوایین جاریان بوو تاران ببیننه‌وه‌و كۆتا نانی ئێواره‌یان له‌كۆشكی نیاوه‌ران له تاران خوارد، ئیتر نه‌تاران‌و نه‌كۆشك‌و نه‌ده‌سه‌ڵاتیان نه‌بینییه‌وه.
"هه‌ركات یادی سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی (26ی دی 1357) 16ی كانوونی دووه‌می 1979 ده‌كه‌مه‌وه خه‌مێكی قوڵ دڵ‌و ده‌روونم داگیر ده‌كات‌و دڵم ده‌كه‌وێته پاڵه‌په‌ستۆ. ئه‌و به‌یانییه بێده‌نگیی باڵی به‌سه‌ر تاران‌دا كێشابوو، پایته‌ختمان كه چه‌ند مانگێكبوو له‌ناو ئاگرو خوێندا ده‌گوزه‌را، ئه‌و به‌یانییه زۆر بێده‌نگ‌و هه‌ناسه‌ی ئارامیی هه‌ڵده‌مژی". ئه‌مه وته‌ی شاژنه فه‌ره‌ح په‌هله‌وییه كه له‌بیره‌وه‌رییه‌كانیدا باسی ده‌كات.

ئه‌و ڕۆژه‌ی كه دوا پاشای ئێران تارانی به‌جێهێشت
جێهێشتنی تاران له لایه‌ن شاهه‌نشاوه ده ڕۆژ ده‌بوو بڕیاری لێدرابوو، شاژن له كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "شا مه‌یلی وابوو هه‌واڵی گه‌شته‌كه‌ی بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌جۆرێك بڵاوببێته‌وه كه شاهه‌نشا بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به مه‌به‌ستی پشوودان تاران به‌جێده‌هێڵێت. ئایا خۆی باوه‌ڕی وابوو؟ من ناوبه‌ناو ئه‌و هه‌ڵچوون و بێ ئۆقره‌ییم له‌ناوچاوییدا ده‌خوێنده‌وه كه ته‌ماشای ده‌كردم. به‌ڵام خۆم به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و باوه‌ڕه‌م هه‌بووبێت دڵه‌خورپه‌م هه‌بوو".
ڕۆژی ڕۆیشتن له تاران وه‌ك فه‌ره‌ح په‌هله‌وی ده‌ڵێت بۆ ئه‌و كۆكردنه‌وه‌ی یادگارییه‌كان و بیره‌وه‌رییه‌كانی ناو كۆشكه‌كه‌ی بوو. شاژن ده‌ڵێت: "له‌نێوان بێهیوایی و ئومێدبه‌خشییدا ده‌هاتم و ده‌چووم، ده‌نگی خۆپیشانده‌ران هه‌راسانی كردبووین تووڕه‌یی ئه‌وانم ده‌هێنایه پێشچاوی خۆم كه چۆن ده‌ست ده‌گرن به‌سه‌ر تاران‌دا و چۆنچۆنی كۆشكی نیاوه‌ران ده‌كه‌وێته به‌ر په‌لاماری ئه‌وان. به‌ڵام نه‌مده‌ویست ئه‌وان وابزانن من هه‌موو كه‌لوپه‌له‌كانی خۆمم بردووه. به‌سه‌رپه‌رشتیاری مۆزخانه‌ی كۆشكم گوت: به‌شێك له‌و دیارییانه‌ی له‌لایه‌ن پاشا و سه‌رۆكه‌كانی جیهانه‌وه بۆ پاشای ئێران هاتبوون بهێنێنته ناو كۆشك و هه‌روه‌ها به ئه‌نقه‌ست جلوبه‌رگه‌كانی خۆمم له كۆشك به‌جێهێشت، ده‌مویست دوای خۆم به‌شێك له یاده‌وه‌رییه‌كانم له‌ناو كۆكشك بمێنێته‌وه".
به‌ڵێ تا ئێستاش به‌شێك له‌و پۆشاكه به‌نرخ و ئه‌و جلوبه‌رگه نایابانه‌ی له تاران بۆیان دوریبوو دوای چوار ده‌یه له‌كۆشك ماونه‌ته‌وه و بوونه‌ته به‌شێك له مۆزخانه‌ی كۆشكی ماڵی شای ئێران.
شاژن تا ئێستاش دڵی لای گوڵه‌كانی كۆشكه‌كانی تارانه‌و ئاگاداره كه به‌رپرسان بڕیاریانداوه به‌شێوه كۆنه‌كه‌ی بمێنێته‌وه، له‌و باره‌یه‌وه به‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌ی گوتووه كه دیداری له‌گه‌ڵ ساز ده‌كرد، ئایا گوڵه‌كان نه‌ژاكاون؟ ته‌نانه‌ت به‌رله‌وه‌ی كۆشك به‌جێبهێڵن شاژن داوای له كامێرامانه‌كانی كه‌ناڵه بیانییه‌كان كردبوو وێنه‌ی هه‌موو گۆشه و شوێنه‌كانی كۆشكی بۆ بگرن تا وه‌ك یادگاریی لای بمێنێته‌وه.
په‌یامنێری ئاژانسی ئاسۆشێتدپرێس له‌ڕۆژانی شۆڕش له‌تاران ڕاپۆرتی ئاماده كردووه و ده‌ڵێت: جلوبه‌رگه‌كانی شاژن له‌ناو كۆمێده‌كه‌یدا وه‌ك خۆی مابوونه‌وه‌و ده‌ستكاریی نه‌كرابوون, كتێبخانه‌كه‌ی پاشا و كه‌لوپه‌له هونه‌رییه‌كانی شاژن كه‌س ده‌ستی بۆ نه‌بردن و پارێزران.
به‌رله‌وه‌ی شا و شاژن له‌تاران ده‌رچن منداڵه‌كانیان ئێرانیان به‌جێهێشتبوو، فه‌ره‌حنازی كچه‌گه‌وره‌ی شا یه‌ك مانگ پێشتر ڕۆشتبوو بۆ لای شازاده ڕه‌زای برای كه له‌ئه‌مریكا خوێندكاربوو، عه‌لیڕه‌زاو له‌یلا ڕۆژێك به‌رله دایك و باوكیان، به‌سه‌رپه‌رشتی نه‌نكیان (فه‌ریده دیبا) گه‌یشتبوونه ئه‌مریكا.
دوایین شه‌و پاشا و شاژن له تاران له كۆشكی نیاوه‌ران بوون. ولیام سالیوان دوایین باڵیۆزی ئه‌مریكا له ئێران ده‌ڵێت: "كۆتا شه‌وی شا له تاران، من له كۆشكی شابووم، ده‌ستی پاشام به‌گه‌رمی گوشیی من ده‌مزانیی و خۆیشی ده‌یزانی كه ئه‌و گه‌شته‌ی ده‌یكات ئیدی ناگه‌ڕێته‌وه بۆ تاران، به‌ڵام هه‌ردووكمان وامان پیشان ده‌دا كه گه‌شتێكی كورته و پاش چه‌ند ڕۆژێك ده‌گه‌ڕێته‌وه".
هه‌مان شه‌و فه‌ره‌ح دیبا بڕیاریدا یادگاریی منداڵه‌كانی له‌گه‌ڵ خۆی ببات. ئه‌و ده‌ڵێت: "ته‌له‌فۆنم كرد بۆ فه‌ره‌حناز به‌بێ ئه‌وه‌ی بهێڵم بزانێت ده‌ڕۆین و ناگه‌ڕێینه‌وه، ئایا چی كه‌لوپه‌لێكی یادگاریی خۆی بۆ بهێنم؟ فه‌ره‌حناز گوتی: پۆسته‌ری ئه‌ستێره و یاریزانه‌كانی ئێران كه له چه‌كمه‌جه‌كانیدا داینابوو بۆی ببه‌م. به‌ڵام ئه‌و شه‌وه كۆشك هێنده قه‌ره‌باڵغ بوو نه‌متوانی بڕۆم بۆ كۆشكی شازاده ڕه‌زا ـ كه ئێستا به كۆشكی ئه‌حمه‌د شا ناسراوه‌ـ تا ددانه شیرییه‌كانی و یه‌كه‌م ده‌نگی له‌دایكبوونی كه تۆمارم كردبوو بۆی به‌رم".
یه‌كێك له به‌رپرسانی مۆزه‌خانه‌ی كۆشك به ڕۆژنامه‌نووسێكی بی بی سی ڕاگه‌یاندووه ئه‌و شتانه‌ی شاژن باسی ده‌كات مابوون، به‌ڵام دوایی به‌هۆی جێگۆڕكێ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی كۆشكه‌وه له‌ناو چوون.

ده‌رباره‌ی ڕۆیشتی شا له ئێران
ده‌رباره‌ی سه‌فه‌ری یه‌كجاریی پاشای ئێران زۆر نووسراوه و گوتراوه. په‌یامنێری ئه‌وكاته‌ی بی بی سی ئه‌و ڕۆژه‌ی به ڕۆژێكی ساماڵ و زۆر سارد ناوبردووه. ئه‌و له ڕاپۆرته‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "كه‌سی نه‌یده‌زانی ده‌بێت ئه‌مڕۆ شا ئێران به‌جێبهێڵێت، ئه‌و به‌یانییه تاران بایه‌كی زۆر ساردی هه‌بوو به‌فری لووتكه‌كانی شاخی (ئه‌لبورز)ی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هینا بۆ ناو شار. ئه‌و به‌یانییه ڕادیۆی تاران مارشی جۆراوجۆری په‌خش ده‌كرد، كه‌شی شار به گشتیی ئارام بوو، تا ئه‌و كاته‌ی له هه‌واڵه‌كانی كاتژمێر: 14 باسی ڕۆشتی شای كرد و كورته گفتوگۆیه‌كی شای بڵاوكرده‌وه. ئیتر ڕۆژنامه‌كانی چاپی ئێواران به مانشێتی گه‌وره هه‌واڵه‌كه‌یان بڵاوكرده‌وه و نووسییان: شا ڕۆیی.
چاوه‌كانی شا ئه‌شكی لێ هه‌ڵوه‌ری
شاژن ده‌رباره‌ی ساته‌كانی به‌یانیی ده‌ڵێت: "من و پاشا ئه‌و به‌یانییه‌مان به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو به‌یانییه‌كانی تره‌وه به‌سه‌ربرد، شا ته‌واوی ئه‌و به‌یانییه له شوێنی كاره‌كانی خۆی له كۆشكی جه‌هان ئارا، كه ئێستا ناسراوه به كۆشكی (صاحبقرانیه) دیداره‌كانی كرد و كاره‌كانی خۆی ڕاپه‌ڕاند، ته‌نانه‌ت له بیری كۆكردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌له‌كانی خۆیشیدا نه‌بوو. خزمه‌تكار و كارگوزاره‌كانی كۆشك گریان و تكایانكرد كه ئێران به‌جێنه‌هێڵین، من دڵمده‌دانه‌وه و هێورم ده‌كردنه‌وه به هه‌ریه‌كه‌یان ئه‌ندازه‌یه‌ك پاره و هه‌ندێك جه‌واهیری كۆشكم به دیاریی پێدان و هه‌ندێكیانم ماچكرد. هه‌وڵمدا به‌سه‌رخۆمدا زاڵ ببم و كه‌س هه‌ست به خه‌مبارییه‌كانم نه‌كات، دواجار كاتی ڕۆیشتن هات و هه‌موو له‌سه‌ر پله‌كانه‌كان ئاماده‌بوون بۆ دواماڵئاوایی پاشا و شاژن، كه تا ئێستاش به‌شێك له‌و بیره‌ره‌رییه ناڕه‌حه‌ته‌م له‌یاده".
له كۆشكی نیاوه‌رانه‌وه له باكووری تاران شا‌و شاژن به‌دوو هێلی كۆپته‌ری جیاواز ڕۆیشتن بۆ فڕگه‌ی پایته‌خت، فه‌ره‌ح په‌هله‌وی فڕگه‌ی میهرئاباد به به‌بێ جۆش و خرۆشه‌كه‌ی جاران وێنا ده‌كات. ئه‌و ده‌ڵێت: "هاوسه‌رم به‌وپه‌ڕی نائارامییه‌وه ڕاوه‌ستابوو له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێك له دۆستان و وه‌فادارانی قسه‌ی ده‌كرد، له‌ناكاو یه‌كێك له ئه‌فسه‌رانی گاردی پاشایی خۆیدا به‌سه‌ر پێڵاوه‌كانی پاشادا و به‌كوڵ گریا، ئه‌و ڕووداوه پاشای نه‌ختێك توڕه‌كرد و له زه‌وی به‌رزی كرده‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دڵی شا خه‌مگین بوو فرمێسك به چاوه‌كانیدا هاتنه خواره‌وه".
ڕێگه به‌په‌یامنێرانی بیانی نه‌درابوو بێنه فڕگه و هه‌واڵ بگوازنه‌وه، به‌ڵام چه‌ند په‌یامنێرێكی ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی ئێران له‌وێ ئاماده‌بون و دوایین وتوێژی نێوان شا‌و شاژن و ئاماده‌بوانیان تۆمار ده‌كرد، شا ئامۆژگاریی كردن ئارامیی و ئاساییش بپارێزن. شاژن له گفتوگۆیه‌كی ڕادیۆی تاران گوتی: "مێژووی ئێران هه‌ورازو نشێوی زۆری به‌خۆیه‌وه بینیوه‌و چه‌ندجار هێرشی كراوه‌ته‌سه‌ر و داگیركراوه، به‌ڵام هه‌میشه له‌قه‌یرانه‌كان ده‌رباز بووه، بۆ چوار ده‌یه‌ی دوای ده‌سه‌ڵاتی خۆیشیان هه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی هه‌یه.

كۆتا دیداری دوایین پاشا و دوایین سه‌رۆكوه‌زیرانه‌كه‌ی
به‌هۆی خۆیشاندان و نارائامییه‌كانی تارانه‌وه هێڵی ته‌له‌فۆنیش بچڕابوو، له‌و كاته‌دا كه ده‌مانویست بڕۆین و تاران به‌جێبهێڵین په‌رله‌مان له‌كۆبونه‌وه‌دا بوو بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر متمانه‌به‌خشین به شاپوور به‌ختیار كه تازه شا ده‌ستنیشانی كردبوو بۆ سه‌رۆكوه‌زیران، پاشا ده‌یویست نه‌ڕوات تا دڵنیا ده‌بێت له‌وه‌ی كه په‌رله‌مان متمانه به شاپوور به‌ختیار ده‌به‌خشێت، ناچاربوو به ئامێری بێ سیم په‌یوه‌ندی به په‌رله‌مانه‌وه كرد دواجار به‌ختیار خۆی گه‌یانده فڕگه و چاوی به شا كه‌وت. شاپوور به‌ختیار له‌سه‌ر پله‌كان له پشتی شا ڕاوه‌ستا و چاوه‌كانی پڕ فرمێسك بوون.
ئه‌رته‌شبه‌ند عه‌باس قه‌ره‌باغی سه‌رۆكی هێزه‌كانی سوپا ده‌ڵێت: "ڕۆشتمه ناو فڕۆكه تایبه‌تییه‌كه‌ی پاشا و ده‌سته‌كانی پاشام گوشیی و پێم گوت: كێشه‌كانی ئێران سیاسییه نه‌ك شتی تر، بۆیه بێخه‌مبه مه‌گه‌ر ئه‌فسه‌ره‌كان شێتیی بنوێنن. دووباره ده‌سته‌كانیم گوشی و هیوای گه‌شتێكی سه‌لامه‌ت و خۆشم بۆ خواستن و له فڕۆكه‌كه هاتمه ده‌ره‌وه".
فڕۆكه‌كه شای هه‌ڵگرت و فڕیی و ئیتر نه‌گه‌ڕایه‌وه
ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ی شا و شاژنی هه‌ڵگرتبوو له تارانه‌وه به‌ره‌و قاهیره فڕی، شا خۆیشی نه‌یده‌زانی چاره‌نووس بۆ كوێی ده‌بات، ڕه‌نگه نه‌یزانیبێت ئه‌و گه‌شته‌ی له میسره‌وه بۆ ئه‌مریكا به‌ته‌مایبوو هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه، ئایا ئه‌و بڕوای ده‌كرد ئه‌و سوپایه‌ی ساڵانێكه به دڵ و به‌گیان دایمه‌زراندووه دوای خۆی بێلایه‌نیی ڕاده‌گه‌ینێت؟ ئایا له دڵه‌وه ده‌یزانی ئه‌و گه‌شته‌ی ده‌یكات ئیتر دواجاره و بۆ ئێران ناگه‌ڕێته‌وه؟ شاژن ئێستاش ده‌ڵێت: دوای چوار ده‌یه به‌ئومێه‌ی ڕۆژێك بۆ تاران بگه‌ڕێته‌وه.
فه‌ره‌ح دیبا ده‌ڵێت: له‌كاتێكدا له وڵاتی مه‌راكیش (مه‌غریب) بووین ڕادیۆی تاران هه‌واڵی بێلایه‌نی سوپا و كه‌وتنی ده‌سه‌ڵاتی شاهه‌نشایی ڕاگه‌یاند، شا به‌ته‌واوی شڵه‌ژا و خه‌مگین بوو، زۆر تووڕه‌بوو به سه‌رۆكی سوپای گوت ئه‌و گه‌مژه‌یه چۆن شكستی به ده‌وڵه‌تی شاهه‌نشایی هێنا.
دوای كه‌وتنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئیتر ژیانی شاهه‌نشای ئێران بوو به‌ئاواره‌یی‌و له‌وپه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌وه بوو به‌میوانی ئۆتێل‌و په‌ناهه‌ندی وڵاتان، ئه‌مریكا ڕێگه‌ی نه‌دا بچێته ئه‌و وڵاته‌و دوایین ساته‌كانی ژیانی كه گیرۆده‌ی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌بوو له‌وێ به‌سه‌ربه‌رێت‌و بحه‌وێته‌وه، وڵاتانی خۆرئاوایش ده‌رگایان به‌ڕویدا داده‌خست و مافی مانه‌وه‌یان پێنه‌ده‌دا، ناچاربوو بگه‌ڕێته‌وه بۆ میسر‌و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نوه‌ر سادات و جیهان ساداتی هاوسه‌ریی به‌ئارامیی دوایین ڕۆژه‌كانی ژیانی ته‌واو بكات. هه‌میشه دڵی لای ئه‌و كۆشكه جوانه‌ی نیاوه‌ران بوو كه له‌دڵڕفێنترین شوێنی تاران‌دا دروستی كردبوو، یازده ساڵ تێییدا ژیانی به‌سه‌ر برد‌و حوكمڕانیی كرد، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام كۆشكه‌كانی كرانه مۆزه‌خانه‌و خۆیشی به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌كه‌وتنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی، له 27ی ته‌مووزی 1980 به‌هۆی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه له‌قاهیره كۆچی دوایی كرد و هه‌رله‌وێش به‌خك سپێردرا.
سود له‌م سه‌رچاوانه وه‌رگیراوه:
سایتی بی بی سی فارسی.
چه‌ند دیدارێكی شا و شاژن له كه‌ناڵی بی بی سی.
هه‌ندێك دیمانه‌ی محه‌مه‌د ڕه‌زاشا له یوتیوب.
كتێبی: كه‌ن دیارا، بیره‌وه‌رییه‌كانی فه‌ره‌ح په‌هله‌وی.
كتێبی: پاسخ به‌تأریخ، بیره‌وه‌رییه‌كانی محه‌مه‌د ڕه‌زاشای په‌هله‌وی.
كتێبی: دخترم فرح، بیره‌وه‌رییه‌كانی فه‌ریده دیبا، دایكی فه‌رح په‌هله‌وی.
