مەلا كامەران عەلی: ئومێد دەكەم یەكێك بم لەوانەی كە جێگەی متمانەی بزوتنەوەكەم بم بۆ وەرگرتنی هەر پۆستێك
  2019-02-25       3767       

ئا: ئاوێنە

مەلا كامەران عەلی، مامۆستای ئاینی دیاری ناو بزوتنەوەی گۆران لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاوێنە دەڵێت "ئومێد دەكەم یەكێك بم لەوانەی كە جێگەی متمانەی بزوتنەوەكەم بم بۆ وەرگرتنی هەر پۆستێك"، راشیدەگەیەنێت رەخنە ئاساییە هەر شتێك دەوترێت با بوترێت بەڵام رەخنە‌و سوكایەتی زۆر جیاوازن لەیەكتر، پەیوەندی ئەو حزبانەی لەگەڵ پارتی هاوئاواز‌و رەگەڵكەوتو بون زۆر جیاوازە لەوەی گۆران.



ئاوێنە: بزوتنەوەی گۆران تاچەند متمانەی بە پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە بۆ بەشداریكردن لە حكومەت؟


مەلا كامەران عەلی: بەناوی خوای گەورەو میهرەبان. حزبی سیاسی لەو گەمە سیاسیەی دەیكات لەپێناو ئامانجەكانی خۆیدا هەمیشە گەشبینی‌و ئومێد لەپێش رەشبینی‌و نائومێدی دادەنێت، ناكرێت لەگەڵ كەسێك لەقۆناغێك لەقۆناغەكان شكستت خوارد، لەقۆناغی داهاتو بڵێی بەهیچ شێوەیەك دانوساندنی لەگەڵ ناكەم یان نەبیتە هاوبەشی‌و هاوبەشی لەگەڵ نەكەیت، لۆژیك‌و عەقڵ و مەنتقیش یارمەتی ئەم جۆرە لەبیركردنەوە نیە، بزوتنەوەی گۆران كۆمەڵێك ئامانجی خۆی هەیە وەك رەوانشاد كاك نەوشیروانیش دەڵێت یەكێك لەئامانجەكانمان ئەوەیە لەدەسەڵاتەوە گۆرانكاری بكەین بەدەسەڵات گۆرانكاریی لەدەسەڵات بكەین، ئەمە راستیەكە‌و زاناو سیاسییە دیارەكانیش ئەمەیان سەلماندوە، ئەو هێزەی لەدەسەڵاتەوە دەتوانێت گۆرانكاری بكات لەدەرەوەی دەسەڵات ناتوانێت بە ئاسانی ئەو گۆرانكارییە بكات، بۆیە بە بۆچونی من بەشداری بزوتنەوەی گۆران لەحكومەت زۆر ژیرانە بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا كە هەرێم پەیوەندییەكانی بەرەو پێش دەچێت لەگەڵ حكومەتی عێراق‌و پێشبینی دەكرێت دۆخی ئابوری بەرەو باشی بروات.


ئاوێنە: نیەتی ئەوەت هەیە یەكێك لەو پۆستانە وەربگریت كە بزوتنەوەی گۆران لەكابینەی نوێی حكومەت بەدەستیهێناوە؟


مەلا كامەران عەلی: بەرێزم من چوار ساڵە بەرێوەبەری حەج‌و عەمرەی پارێزگای سلێمانیم، لەو دۆخەشدا كە بەر یەككەوتنی توند هەبوە لەنێوان گۆران‌و پارتی، دوا تریش دروستبونی ئاڵۆزی لەنێوان گۆران‌و یەكێتی‌و هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكەی دەباشان من هەر لەپۆستەكەی خۆمدا بوم‌و كاری ئیداری‌و حكومی خۆم دەكەم، سوپاس بۆخوای گەورە تارادەیەكی باش لەكارەكانی خۆمدا سەركەوتو بوم بە شاهیدی هەمو لایەك، ئامانج لای گۆران تەنها ئۆپۆزسیۆن بون نیە، بڵێین هەر دەبێت ئۆپۆزسیۆن بین ئەو كاتە لە ئامانجەكانمان نزیك دەبینەوە، ئامانجەكە ئەوەیە تۆ بتوانێت زۆرترین دادپەروەری بچەسپێنیت‌و بەرنامەكانی خۆت جێبەجێ بكەیت كە لەبەرژەوەندی گشتیدایە، ئامانجەكانی گۆران خۆی لە چاكسازی ئیداری‌و سیاسیدا دەبینێتەوە‌و لەدەسەڵاتدا دەتوانێت بەرجەستەیان بكات، كە ئۆپۆزسیۆنیش بوە بۆ ئەوە بوە لەو رێگەیەوە زەمینە خۆش بكات تا بە دەسەڵات بگات‌و بەرنامەكانی بخاتە خزمەتی هاوڵاتیانی كوردستانەوە، ئۆپۆسیۆن بون بۆ ئەوەیە ئەو بۆشاییانە پر بكەیتەوە كە دەسەڵاتێكی گەندەڵ‌و فاسد دروستی كردوە.


ئاوێنە: دەوترێت پێشتر گۆران،  یەكێتی‌و پارتی بەشەیتان ناساندوە‌و بە سەرچاوەی هەمو نەهامەتییەكانیان زانیوە، دەتوانیت پێمان بڵێیت لەئێستادا چون متمانە بەهەمان دەسەڵات‌و پارتی ساڵانی پێشو دەكەن؟


مەلا كامەران عەلی: ئێمە باوەرمان وایە عێراقی ئێستا جیاوازترە لەپێشو هەروەها كوردستانی ئێستا پەیوەندییەكانی لەگەڵ دونیای دەرەوە لەگەڵ ئێران‌و توركیا، غروری هێزە سیاسییەكان بەتایبەت هەردو حزبی دەسەڵاتداری سەر گۆرەپانی سیاسی كوردستان غرورێكی تێكشكاوە، ئەو هاشوهوشی دروستكردنی دەوڵەتی كورییە كە بوە هۆكاری ئەو هەمو ماڵوێرانیە كورتی هێناوە هیچ باسوخواسێكی ئەوتۆی نیە تا ببێتە موزایەدە بەسەر هێزە سیاسییەكانی دیكەدا‌و ئاژاوە لەعێراق‌و ناوچەكە دروست بكات، راستە ئێمە كاك نەوشیروانمان مردوە بەڵام خەڵكی تر لە هاشوهوشەكانیان شكستیان خواردوە دەتوانم بڵێم هەمو لایەك پێداچونەوەی بە بەرنامەی خۆیدا كردوە، دەستوەردانە ئیقلیمیەكانیش دەركەوت كە زۆر بەهێزترە لە تەحەدییەكانی ئێمە، راستە ئێمە وەك میللەتی كورد مەزڵومین‌و تەحەدا‌و ئیرادەی گەورەمان هەیە‌و خۆمان بە گیانفیدا دەزانین لەپێناو ئامانجەكانماندا، لەهەمانكات دەبێت درك بەوەش بكەین رۆڵ‌و كاریگەریی وڵاتانی هەرێمی لەسەر كوردستان‌و ناوچەكە چەندە بەگشتیش لەسەر جیهانی ئیسلامی چەندە بەهێزە، دەبێت زۆر بەژیرانەوە مامەڵە بكەین، دەركەوت بزوتنەوەی گۆران چەند هێزێكی كاریگەرە نە 25 كورسییەكە كورسی راستی خۆی بو كە تەزویرێكی زۆری لێكرا، نە ئەم 12 كورسییە سەنگ‌و قورسایی خۆیەتی بەڵام بون‌و ئامادەیی بزوتنەوەكە گرنگە چونكە ئەو پۆست‌و پێگانەی لەئەنجامی دانوساندنەكان بەدەستی هێناوە ئەو راستیە نیشان دەدات بزوتنەوەكە زۆر گەورەیە.


ئاوێنە: پەیامی تۆ بۆ ئەو دامەزرێنەر‌و هەڵسوراوە دیارانەی گۆران چیە دژی رێككەوتنەكەن‌و لەماڵەوە دانیشتون؟


مەلا كامەران عەلی:  ئەوانە هەمویان بەشێك بون لەبراگەورە‌و سەركردەی بزوتنەوەی گۆران‌و قوربانییان بەخۆیان‌و ماڵ‌و منداڵ‌و بەرژەوەندییە كەسییەكانیان داوە، بەشێكیان دەستبەردانی پۆست‌و پلەكانیان بون كاتی خۆی لەگەڵ رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، ئەوانە تا ئێستاش برای گەورە‌و خۆشەویستی ئێمەن ئەو كەسانەی بەتایبەتی لەماڵەوە دانیشتون‌و زویربون ئینتیمایان نەگۆریوە‌و نەگەراونەتەوە ناو هیچ حزبێكی دیكە، من لەنزیكەوە بەوانەم وتوە لەهەر شوێنێك بن هەر گۆرانن هەر رەخنەیەكیش بگرن بە رێزەوە وەری دەگرین، ئێمە رەخنەی نەیارەكانیشمان بە تەقدیرەوە دەنرخێنین چجای ئەوەی رەخنەی براو هاورێكانی خۆمان بێت، زۆر سوپاسی ئەو قوربانی‌و ماندوبونانەیان دەبین كە لەپێناو گۆران ئەنجامیان داوە، هەڵوێستەكەشیان بە بەشێك لەدڵسۆزی بۆ گۆران دەزانین ئەگەر نەشیان پێكابێت‌و سەرنجەكانیان وەك پێویستیش نەبوبێت.


ئاوێنە: پێشتر هەر لایەنێك لەپارتی نزیك بوایە بزوتنەوەی گۆران وەك هاوئاواز ناوی دەبرد، ئایا ئێستا گۆران قبوڵی دەكات لایەنەكانی دیكە وەك هاوئاواز‌و رەگەڵكەوتوی پارتی ناوی ببنەن؟


مەلا كامەران عەلی: رەخنە ئاساییە هەر شتێك دەوترێت با بوترێت بەڵام رەخنە‌و سوكایەتی زۆر جیاوازن لەیەكتر، پەیوەندی ئەو حزبانەی لەگەڵ پارتی هاوئاواز‌و رەگەڵكەوتو بون زۆر جیاوازە لەوەی گۆران، بزوتنەوەی گۆران لەو بەرنامەی لەحكومەتی پێشو پێشكەشی كرد توانی باجی گەورەی لەسەر بدات ئەوە بو سەرۆكی پەرلەمانەكەی‌و سەرجەم وەزیرەكانیشی دەركران‌و تەنازولیشی نەكرد، چەندین جار هاتنە گردەكە بۆ ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان بگەرێتەوە بۆ سەركارەكەی و هەمو مەرجەكانیشیان لەسەر هەڵگرت بەڵام دكتۆر یوسف ئاامادەنەبو بگەرێتەوە، ئەوانەی رەگەڵ مەسعود بارزانی‌و پارتی كەوتن وەك یەكێتی‌و لایەنەكانی دیكە پاشكۆیەتی بو بزوتنەوەی گۆران بەهیچ شێوەیەك باوەری بە پاشكۆیەتی هیچ لایەنێك نیە گۆران رەگەڵ كەوتنی قبوڵ نیە بەڵام شەراكەتی قبوڵە بە ئەندازەی سەنگ‌و قورسایی خۆی داوای پشكی خۆی لەحكومەت دەكات، هەركاتێك بەشداریكردنی گۆران لەحكومەت مەترسی ئەوەی لێكردا كە شەراكەتەكە زیان لەكارنامەكەی دەدات‌و لەكیسی دەچێت لەحكومەت ئەگەر قبوڵی بكات دەبێت بە پاشكۆیەتی، ئەوە پێی دەوترێت هاوئاواز‌و رەگەڵ كەوتن، دڵنیاش بن گۆران پاشكۆیەتی هەرگیز قبوڵ ناكات، ئەگەر بزانین كارنامەكە جێبەجێ‌ ناكرێت لەهەر جێگەیەكیش بین دەكشێینەوە شەقام شەقامی خۆمانە‌و ماڵێش ماڵی خۆمانە.

ئاوێنە: دەوترێت لەژێر فشاری یەكێتی پارتی دەستكاری رێككەوتنە سیاسییەكەی لەگەڵ گۆران كردوە، هەڵوێستی گۆران چی دەبێت؟


مەلا كامەران عەلی: لەرێككەوتنەكەدا بابەتی وەزارەتەكان یەكلایی كراونەتەوە، هەندێك بابەتی دیكەش بەشێوازێكی موعەلەقی هێڵراونەتەوە، بۆنمونە وتراوە سێ‌ دەستە بۆ گۆران، دو جێگر بۆ گۆران، پێنج راوێژكار بۆ گۆران راوێژكارێك لەشوێنێكەوە بگۆردرێت بۆ شوێنێكی دیكە زۆر ئاساییە گرنگ ئەوەیە گۆران بەشی خۆی دەبات گۆران بەشی خۆی بەزیادەوە لەحكومەت نەبات بە كەمیشەوە نایبات، ئەگەر لەپۆستێكیش لەپێناو یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش وەك هێزێكی كاریگەری كوردستان  تەنازولی كرد، بۆ پێكهێنانی حكومەت‌و دروستكردنی ئاشتەوایی‌و تەبایی بۆ گەورەیی‌و میهرەبانی گۆران دەگەرێتەوە، لەپێناو باشتركردنی بژێوی هاوڵاتیان‌و كۆتایهێنان بە قەیرانی دارایی هەتا یەك مانگ زوتر حكومەت پێكبێت بۆ بزوتنەوەی گۆران باشترە چونكە دڵنیاین لەوەی گۆران لەهەر وەزارەتێكدا هەبێت بە قسە‌و بەڵێنی بەرامبەرەكانمان ئەو ئاسانكاریانەی باسی دەكەن زوتر دەتوانین خزمەتەكانی خۆمان پێشكەش بكەین.


ئاوێنە: وەڵامی ئەو پرسیارەت نەدامەوە كە پرسیم نیەتی ئەوەت هەیە یەكێك لەو پۆستانە وەربگریت كە بزوتنەوەی گۆران لەكابینەی نوێی حكومەت بەدەستیهێناوە؟


مەلا كامەران عەلی: رەنگە شت باس كرابێت بەڵام نەك بۆمن بۆ هیچ كەسێك پۆست یەكلایی نەبوەتەوە، تا بڵێن كاكە تۆ دەكەین بە وەزیر یان راوێژكار، ئومێد دەكەم یەكێك بم لەوانەی كە جێگەی متمانەی بزوتنەوەكەم بم بۆ وەرگرتنی هەر پۆستێك لەوەزیرییەوە بایگرە تا ئەوانی دیكە، جارێكی تر ئومێد دەكەم یەكێك بم لەوانەی گۆران متمانەی پێدەدات، ئەگەر پۆستم وەرگرت لەرێگەیەوە خزمەتی خۆم دەكەم، نەشبێت لەفەرمانگەكەی خۆمەوە خزمەتی خۆم دەكەم، بەپۆستەوە نەچومەتە ناو گۆران‌و بە پۆستیشەوە گۆرانم ناوێت، یەكێكم لەو كەسە دیارانەی لەناو گۆران ئەگەر لەشوێنێك پێویست بكات ئەركێكم پێبسپێرن ئامادەم.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×